مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مسۆگەرە و هاوتای عێراق دەکرێت

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت کۆبووەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و دەرئەنجامە ئابوورییەکانی، هەروەها پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی سێشەممە 17ی ئاداری 2026 سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: “دەبێت حکومەتی عێراق پابەند بێت و بەردەوام و بە یەکسانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.”

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: “پەرلەمان سوورە لەسەر ئەوەی بە هیچ شێوەیەک دەستکاری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکرێت، ڕێگە نادات کێشە سیاسی و نەوتییەکان بکرێنە هۆکارێک بۆ برسیكردن یان زیانگەیاندن بە مووچەخۆرانی هەرێم.”

لە کۆتایی دانیشتنەکەشدا، پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر بڕگەی هەشتەمی بڕیارەکان دا، کە تێیدا حکومەتی فیدراڵ پابەند دەکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە تەواوی و هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بە مەبەستی جیاکردنەوەی بژێوی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان.