عەلی لاریجانی: لای ترەمپ هێشتا سەردەمی شایە

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، پۆستێکی کردووە و گاڵتە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە ڕایگەیاندبوو؛ خۆپیشاندانەکانی ئێران بە ژیری دەستکرد دروستکراون.

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا ڕایگەیاند: “47 ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی سەرکەوتنی گەلی ئێران لە شۆڕشی 1979دا، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی ڕژێمی پەهلەوی بەهەمان شێوە لەناو وەهمدا بوو و بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەو جەماوەرەی لە شەقامەکانن ڕاستەقینە نین و دەنگەکانیان دەنگی تۆمارکراوی سەر شریتە”.

عەلی لاریجانی ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئێستاش تڕەمپ دەڵێت ئەو دیمەنە ملیۆنییانەی خەڵک کە لە چەندین شاری ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیل هاتوونەتە سەر شەقام، بە ژیری دەستکرد دروستکراون.”

عەلی لاریجانی، لە کۆتایی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “سەرکەوتنی مێژوویی ئێران بەسەر پاشماوەکانی تۆڕی ‘دوورگەی ئێپستین’ نزیکە”.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند: لە هێرشەکانی شەوی ڕابردوودا ‘عەلی لاریجانی’مان کوشتووە.