دۆناڵد ترەمپ: هەر بۆ خۆشی لە ئێران دەدەم

لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕی ئەمریکا – ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لێدانی زیاتری  بۆ سەر ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی دوورگەی خارگی ئێران کرد و ڕایگەیاند: “ڕەنگە چەند جارێکی دیکە تەنها بۆ خۆشی لێیبدەین.”

ڕۆژی یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ‘ئێن بی سی نیوز’ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات، بەڵام من نامەوێت ئەو کارە بکەم، چونکە هێشتا مەرجەکان بەپێی پێویست باش نین و دەبێت زۆر تووندوتۆڵ بن.”

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “لە بۆردمانەکاندا ‘دوورگەی خارگ’مان بە تەواوی وێران کردووە، لەوانەیە چەند جارێکی دیکە بۆ خۆشی لێیبدەین.”

سەرۆکی ئەمریکا، لەسەر ڕێبەری نوێی ئێران، موجتەبا خامنەیی قسەی کرد و گوتی: “نازانم ئایا تەنانەت لە ژیاندا ماوە یان نا، چونکە تا ئێستا کەس نەیتوانیوە پیشانی بدات، ئەگەر لە ژیانیشدا ماوە باشترین کار بۆ وڵاتەکەی ئەوەیە خۆی بەدەستەوە بدات.”

ئەم هەڵوێستەی ئێستای ترەمپ لەکاتێکدایە، ترەمپ پێشتر گوتبووی تەنها لە شوێنە سەربازییەکانی دوورگەی خارگ دەدات.