ئەفسەرێکی گەورە و چەندین سەرباز لە هەولێر بوونە قوربانی

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، کوژرانی ئەفسەرێکی پلەباڵای وڵاتەکەی لە هێرشێکی درۆنیدا لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی 13ی ئاداری 2026 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: “ئەفسەرێکی سوپای وڵاتەکەمان بە ناوی ‘ئارنۆ فریان’ لە کاتی هێرشێکدا لە هەولێر لە عێراق گیانی سپارد. هەروەها چەندین سەربازی دیکەی فەرەنسی لەو هێرشەدا بریندار بوون.”

سەرۆککۆماری فەرەنسا گوتیشی: “ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانمان کە لە ساڵی 2015ـەوە لە شەڕی دژی داعشدان، قبووڵنەکراوە. بوونی سەربازانی ئێمە لە عێراق تەنیا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردایە و جەنگی ئێران نابێت ببێتە پاساو بۆ هێرشی لەو شێوەیە.”

ئارنۆ فریان ئەندامی یەکەیەکی نوخبەی سوپای فەرەنسا بووە کە بنکە سەرەکییەکەی لە ناوچەی ‘ڤارسێسـە’. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی ڕابردووشدا بنکەیەکی ئیتاڵیا لە هەولێر بە درۆن هێرشی کرایە سەر، بەڵام زیانی گیانی نەبوو و ئیتاڵیا بڕیاری دا بە شێوەیەکی کاتی سەربازەکانی لەو بنکەیە بکشێنێتەوە.