مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت؛ بەردەوامدەبن لەسەر ڕێبازەکەی.
ڕۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: “بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدەمان بیست، باوکی شەهیدی وڵات و دۆستێکی نزیک و سەرکردەیەکی گەورە و سیاسەتمەدار و نیشتمانپەروەرێکی شایستەی کورد بوو.”
مەزڵووم عەبدی، لە پەیامەکەیدا گوتیشی: “ساڵح موسلیم لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵی گەورەی لە خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورددا هەبووە و چەندین جار لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیرکرا و ئەشکەنجەدراوە، جگە لەوەش، ڕۆڵی پێشەنگی لە شۆڕشی ڕۆژئاڤا بینیوە.”
ساڵح موسلیم بەهۆی نەخۆش کەوتنی رۆژی 4ی ئادار بۆ چارەسەری هێنرایە هەولێر و نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەرکی چاودێری و هەموو پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی گرتبووە ئەستۆ. بڕیارە ئەمڕۆ تەرمەکەی لەسەر داواکاری خۆی لە کۆبانێ و لە تەنیشت گۆڕی شەهید شەڕڤانی کوڕی بەخاک بسپێردرێت.