شەوی ڕابردوو هێرشێکی ئاسمانی چڕ کرایە سەر یەکێک لە بارەگەکانی حەشدی شەعبی لە نزیک ناوچە سنوورییەکانی قەزای ‘قائیم’ لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە هێرشەکەدا 30 چەکدار کوژراون و ژمارەیەکی زۆریشیان برینداربوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026 شێخ کەریم کینانی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی ڕایگەیاند: “شەوی ڕابردوو چەندین بارەگە و پێگەی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار کراونەتە ئامانج. لە پارێزگای ئەنبار هێرشەکان بە دیاریکراوی چڕبوونەتەوە سەر ناوچەکانی ‘قائیم’ و ‘عەکاشات’.”
لە لایەکی دیکە، تورکی مەحلاوی، قایمقامی قەزای قائیم ڕایگەیاند: “لە هێرشەکەی ‘عەکاشاتدا’ زیاتر لە 30 چەکداری حەشدی شەعبی کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.”
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا لایەنی ئەنجامدەر و ناسنامەی هێرشبەران بە فەرمی ڕانەگەیێندراوە، بەڵام هاوکاتە لەگەڵ زنجیرەیەک هێرشی هاوشێوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە، بابل و نەینەوا کردبووە ئامانج.