کەشناسێک: هەورەبروسکە، لافاو و تەرزە و خۆڵبارین لە یەک کاتدا ڕوو لە هەرێم دەکەن

وێنە؛ ژیری دەستکرد - داڵ میدیا

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرای دەکات، کە هەورە بروسکەی توند، لافاو و تەرزە، هەروەها خۆڵبارینیکی چڕ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ڕۆژی سێشەممە 10ی ئاداری 2026 ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند: “شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین لە ئارادایە کە لە 12ی مانگەوە تا 24ی مانگ بەردەوام دەبێت، ئێستا لە نەخشەکاندا، هەردوو ڕۆژانی 15 و 16ی مانگ بەناجێگیرترین ماوە دەردەخات، کە لەو دوو ڕۆژەدا بارستەهەوایەکی زۆر شێدار ناوچەکانمان دەگرێتەوە.”

ئاراس جەبار گوتیشی: “لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا پێویستە هەموو لایەک ئاگاداربن، کە هەموو ئەگەرێک کراوەیە بۆ دروستبوونی هەورەبروسکەی توند، لافاوی خێرا و مەترسیدار، دابارینی تەرزە بە قەبارەی گەورە، دروستبوونی گێژەڵوکەی گەورە، ئەگەری دروستبوونی هەورە سوپەرسێڵەکان دەبێت، دابەزینی بای توند کە ئەویش مەترسیدارە، هەرچەندە کورتخایەن و کتوپڕ دروستدەبێت.”

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، “پێشبینی هاتنی گەردەلولێکی بەرفراوانی خۆڵبارینیش دەکرێت، چاوەڕوانکراوە خۆڵبارینەکە زۆر چڕبێت و پێشبینی دەکرێت سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.”