لە زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان خوێندن دەکرێتە ئۆنلاین

زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بە تەواوی ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری بەردەوامیی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە، پڕۆسەی خوێندن نەوەستێنێت و بیکاتە ئۆنلاین.

ڕۆژی دووشەممە 9ی ئاداری 2026 سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند: “سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامداوە و بڕیاردراوە لە پێناو سەلامەتی قوتابییان، ڕێگەی ئۆنلاین بگیرێتەبەر ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و ئاسایی نەبێتەوە.”

ئەمە یەکەم جار نییە خوێندن لە زانکۆی سەلاحەدین دەکرێتە ئۆنلاین، پێشتریش لە ساڵی 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زانکۆیەکە بڕیاری دابوو خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبچێت.