ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەبۆنەی ساڵیادی هەڵەبجە و ئەنفال و تاوانەکانی بەعسەوە بڕیاریدا لە سەرتاسەری وڵات 16ی ئادار پشووی فەرمی بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026 ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “بڕیارمانداوە بە ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی بۆ رۆژی دووشەممە کە دەکاتە 16ی 3ی 2026, ئەم پشووە هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی ئەو تاوانە دڕندانەی کە ڕژێمی بەعس دەرهەق بە گەلی عێراق ئەنجامی داون کە کۆمەڵکوژییەکانی هەڵەبجە، ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، ڕاپەڕینی شەعبانییە، تیرۆرکردنی زانایان و بەئامانجگرتنی پارتە سیاسییەکان دەگرێتەوە.”
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بڕیارە پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی یەکەم لە یاسای پشووە فەرمییەکان، ژمارە 12ی ساڵی 2024 دەرکراوە.