لە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان 23 کەس بوونە قوربانی

ڕێکخراوی ‘سی پی تی’ ئەمریکی ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران و گرووپە لە یاسا دەرچووەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت: تەنها لە ماوەی نۆ ڕۆژدا 196 هێرشیان كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی یەکشەممە 8ی ئاداری 2026 ڕێکخراوی ‘سی پی تی’ ئەمریکی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “تا ئێستا 196 هێرش و بۆردمان بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراون و 19 کەسی دیکەش برینداربوون.”

بەپێی ڕێکخراوی ‘سی پی تی’ ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بریتین لە: کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، کەمپی پەنابەرانی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارەگەی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کێڵگەکانی نەوت، هۆتێل، ناوچەی نیشتەجێبوون، بارەگەی پێشووی یوئێن، بورجی کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن و بارەگەی فەرماندەیی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان.

 ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زۆرترین هێرشەکان بۆ سەر هەولێر بووە بەجۆرێک؛ هەولێر: 162 هێرش، واتە بە ڕێژەی 82.6%ـی هێرشەكان دەگرێتەوە. سلێمانی: 26 هێرش، بە ڕێژەی 13.2%  دهۆک: 5 هێرش. هەڵەبجە: 3 هێرش.

تیمی ڕێکخراوی ‘سی پی تی’  نیگەرانی قووڵی خۆی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئێران و گرووپە هاوپەیوەندەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بە ئامانجگرتنی شوێنی مەدەنی، ناوچە ئاوەدانەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم دەربڕیوە.