ترەمپ: تەمەنی ڕێبەری نوێی ئێران درێژ نابێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمه‌ریکا دوای ئاشكراكردنی ڕابه‌ری باڵای تازه‌ی ئێران، هەڕەشەی کرد و ڕایگه‌یاند؛ هەر ڕێبەرێکی نوێی باڵای ئینقلابی ئیسلامی کە ئێران بەبێ ڕەزامەندی ئه‌وان هەڵیبژێرێت ته‌مه‌نی درێژ نابێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026 دۆناڵد ترەمپ، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی ‘فۆکس نیوز’ ڕایگەیاند: “سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لە ئێران دەترسان، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتەی جاران نەماوە، چونکە گورزێکی کوشندەمان لێی وەشاند، کە هیچ وڵاتێکی تر نەیدەتوانی.”

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “بە هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی ئێران دڵخۆش نیم، هەر سەرکردەیەکی نوێ هه‌ڵده‌بژێردرێت دەبێت ڕەزامەندی ئێمە وەربگرێت، ئەگەر پەسەندی نەکەین، ئەوا ته‌مه‌نی زۆر درێژ نابێت.”

ئه‌وه‌ بۆ چه‌ندین جاره‌ تره‌مپ دوای کۆچی دوایی خامنەیی ڕۆڵی خۆی لە دانانی ڕێبەری باڵای داهاتووی ئێراندا دووپات ده‌كاته‌وه‌ و تارانیش بە ره‌هایی ئەمەی ڕەت کردووەتەوە.