گرووپە چەکدارەکان: چیتر لە پێناو ئێران خۆمان بە کوشت نادەین

ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت؛ سەرەرای ئەوەی ئێران چەند سالێکە هەوڵی بەهێزکردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی لە عێراق دەدات، بەڵام ئێستا کە وڵاتەکە تووشی شەڕ بووە، زۆرێک لەو گرووپانە پشتیان لە ئێران کردووە و نایانەوێت بەرژەوەندییەکانیان بخەنە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ شەممە 7ی ئاداری 2026 ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: “فەرماندەیەکی میلیشیاکان پێی ڕاگەیاندین؛ ئێمە بۆ بەرگری لە خۆمان شەڕ دەکەین، بەڵام ئامادە نین ببینە قوربانی بۆ جەنگێک کە ئێران بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی هەڵیگیرساندووە.”

ئاژانسی ڕۆیتەرز گوتیشی: “زۆرێک لە فەرماندە چەکدارەکانی عێراق کە پێشتر تەنها چەکدار بوون، ئێستا بوونەتە خاوەن سەرمایە، بزنس و پێگەی سیاسیی بەهێز لە ناو حکومەتدا. ئەوان نایانەوێت ئەو دەستکەوتە دارایی و سیاسییانە لە پێناو جەنگێکی وێرانکەردا لەدەست بدەن.”

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا جۆرێک لە واقیعبینی لای هەندێک لەو گرووپانە دروست بووە، ئەوان دەزانن کە تێوەگلانی عێراق لەم جەنگەدا، وڵاتەکە بەرەو داڕمانی تەواو دەبات، ئەمەش پێگەی ئەوان وەک دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق لەناودەبات.