دابەشکردنی غازی ماڵان دەبێتە ئەلیکترۆنی

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڕیاریدا پڕۆسەی دابەشکردنی غازی ماڵان لە نێو شاری هەولێر و دەوروبەری بکاتە ئەلیکترۆنی. 

ڕۆژی هەینی 6ی ئاداری 2026 سالار محەممەد، بەرپرسی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند: “پێویستە سەرجەم بریکارەکانی خۆراک لە بنکەی 201 تاوەکو 212 کە تا ئێستا کارتی سووتەمەنییان دەرنەهێناوە، بە زووترین کات سەردانی کۆمپانیای دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنی بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان.”

سالار محەمەد گوتیشی: “پڕۆسەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێ دەکرێت؛ قۆناغی یەکەم ناو شاری هەولێر و دەوروبەری دەگرێتەوە، لە قۆناغی دووەمیشدا ئەو هاووڵاتیانەی فۆرمی خۆراکیان لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140ـە دەخرێنە ناو سیستەمەکەوە.”

لەدوای هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران، لە هەرێمی کوردستان نرخی غازی ماڵان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆیەوە و نرخی یەک بتڵی غاز لەلای بەشێک لە بریکارەکانی غاز و ئەو شوێنانەی غازی ماڵانی لێ دەفرۆشرێت لە نێوان 16 بۆ 20 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.