چەندین مووشەک دەستیان بەسەرداگیرا کە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێم ئامادەکرابوون

هێزە ئەمنییەکان لە سنووری قەزای خورماتوو دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە مووشەکێکی “زیرەک”ی تێدا بووە و بۆ ئاراستەکردنی بەرەو هەرێمی کوردستان ئامادەکرابوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026 یاسین محەممەد عەلی داودی، نوێنەری قەزای خورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین ڕایگەیاند: “کاتژمێر 10:00ـی شەوی ڕابردوو، لە گوندی ‘حەفریە’ لە ناحیەی سلێمان بەگی سەر بە قەزای خورماتوو، دەست بەسەر بارهەڵگرێکی جۆری ‘کیا’دا گیراوە کە مووشەکێکی زیرەکی تێدا بووە.”

یاسین محەممەد عەلی داودی گوتیشی: “مووشەکەکە بۆ ئەوە هێنراوەتە ناوچەکە تاوەکو بەرەو هەرێمی کوردستان ئاراستە بکرێت، بەڵام پێش جێبەجێکردنی هێرشەکە، دەستی بەسەردا گیراوە.”

قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، پێشتریش چەندین جار لە سنووری ئەو قەزایەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە مووشەک و درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر.