وەزارەتی ناوخۆ: مۆڵەتی شۆفێریی دەگۆڕێت

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییەکی نوێی سەبارەت بە گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری دەرکرد، کە مەبەست لێی ئاسانکارییە بۆ پەسەندکردنی مۆڵەتی شۆفێرە بیانییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2026ی ئیمزا کرد، کە تایبەتە بە هەمواری یەکەمی ڕێنمایی میکانیزمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری.

لە ڕێنمایەکانی وەزارەتی ناوخۆدا ئاماژە بەوەکراوە، میکانیزمێکی نوێ دانراوە بۆ پێدانی مۆڵەتی هەرێمی کوردستان بەو هاووڵاتییە بیانییانەی لە هەرێم نیشتەجێن، ستافی دیپلۆماسی، کونسوڵگەرییەکان و کارمەندانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری بیانین، دەتوانن لەسەر هەمان بنەما مۆڵەتی ناوخۆیی دەربکەن، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ هاوتاکردنی سیستمەکانی هاتووچۆ لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دەقی تەواوی ڕێنماییەکان لە ماڵپەڕی فەرمی وەزارەت بەردەستە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداری وردەکاریی و مەرجە نوێیەکان بن.