لە ئەنجامی هێرشێکی گروپەچەکدارەکانی پاکستان (TTP) بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 20 کەس کوژراون. حکومەتی پاکستانیش بە فەرمی تاڵیبانی ئەڤغانستانی تۆمەتبار کردووە.
ئەمڕۆ 26ی شوباتی 2026 ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاند: لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ویلایەتی ‘خەیبەر پەختونخوا’، 15 کارمەندی پۆلیس و پێنج هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشی تێرۆریستیدا گیانیان لەدەستداوە. جگە لە کوژراوەکانیش دوو پۆلیس ڕفێندراون و چارەنووسیان نادیارە.
لەلایەکی دیکەوە سوپای پاکستان ڕایگەیاند: هێزەکانیان لە چوار ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەدا لە ناوچەکە، توانیویانە 26 چەکدار بکوژن.
لای خۆیەوە گرووپە چەکدارەکانی پاکستان(TTP) بەرپرسیارییەتی زۆربەی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەم گرووپە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021، چالاکییە چەکدارییەکانی لە ناوخۆی پاکستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.
لەسەر ئەم ڕووداوانە حکومەتی پاکستان بە فەرمی حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگری لەو گرووپە چەکدارانە ناکات کە خاکی ئەفغانستان بۆ داڕشتنی پلان و ئەنجامدانی هێرش لە ناو پاکستان بەکاردەهێنن.
ئەم پێکدادانانە تەنیا چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت هێزە سنوورییەکانی ئەفغانستان و پاکستان لەسەر سنوورەکان بە سەختی بەشەڕ هاتن و هەردوولا یەکتریان بە دەستپێشخەری لە توندوتیژییەکان تۆمەتبار کرد.