شەوی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جەنگی ئێف 16ـەی وڵاتی تورکیا لە ڕۆژئاوای پارێزگای ‘بالیکێسیر’ کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەش گیانی لەدەست دا. ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لە ناوچەکە دەستیپێکردووە.
ڕۆژی چوارشەممە 25ی شوباتی 2026 وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری ئێف 16ـەی سەر بە هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی لە بنکەیەکی ئاسمانی، کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستداوە.
وەزارەتی بەرگری تورکیا گوتیشی: “کاتژمێر 12:56 خولەکی نیوەشەو، پەیوەندی ڕادیۆیی و زانیارییەکانی شوێنی فڕۆکەکە پچڕا، کە لە بنکەی ئاسمانیی نۆیەمی سەرەکی لە ‘بالیکێسیر’ەوە هەڵفڕیبوو.”
دوای ئەم ڕووداوە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا لە پۆستێکی ئێکس بەناوی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەلی ئەمریکاوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانی فڕۆکەوانەکە کرد و هاوخەمی خۆیشی بۆ تورکیا دەربڕی.