نرخی کارتەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت گران دەبێت

وەزارەتی گەیاندنی عێراق بڕیاری داوە بەڕێژەی 20% باج بخاتە سەر کارتەکانی پڕکردنەوەی مۆبایل و ئینتەرنێت. وەزارەتی گوستنەوەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: کۆمپانیاکانی مۆبایل لە هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیارەکە دەبن.

ڕۆژی دووشەممە 23ی شوباتی 2026 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاماژە بە بڕیارێکی خۆی دەکات لە ساڵی 2025 و بڕیارەکە پێکهاتووە لە گرانکردنی سەرجەم جۆرەکانی پڕکردنەوەی باڵانس و دەڵێت: “دووبارە کار بەم بڕیارە دەکەینەوە.”

دەربارەی ئەم بڕیارە لە هەرێمی کوردستان؛ دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕایگەیاند، “بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان تەنیا کۆمپانیاکانی کۆڕەک، ئاسیاسێڵ و زەین دەگرێتەوە، چونکە مۆڵەتی کارکردنیان لە بەغدایە.”

دیلان ڕەشاد ئەوەشی ڕاگەیاند: “لە هەرێمی کوردستاندا 35 کۆمپانیای هێڵی ئینتەرنێتی وایفای و کێبڵ هەن و بڕیارەکە نایانگرێتەوە. گەر هەر کاتێکیش بڕیاری لەم شێوەیە بۆ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت بدرێت رێگەنادەین بخرێتە ئەستۆی هاونیشتمانییان و کارت گران بکرێت، بەڵکو ئەوکات کۆمپانیاکان ناچار دەکرێن کە لە داهاتەکانیان باجەکە بدەن.”

حکومەتی عێراق لە ڕێگەی ئەم بڕیارەیەوە، دەیەوێت داهات بۆ خەزێنەی گشتی کۆبکاتەوە، هاوکات ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران ناڕەزایەتییەکی زۆری لە شەقامی عێراقیدا دروستکردووە و بەشێک لە شارەزایان ئەمە وەک بارگرانییەک لەسەر شانی هاووڵاتییان دەبینن.