وڵاتانی جیهان داوا لە هاووڵاتییان دەکەن بەپەلە ئێران جێبهێڵن

ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی هیندستان لە تاران هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی هیندی دەکات، هەرچی زووە ئێران بەجێبهێڵن. ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و واشینتۆن گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا.

ڕۆژی دووشەممە 23ی شوباتی 2026 باڵیۆزخانەی هیندستان لە تاران هۆشداری بە هاووڵاتییانی هیندی دەدات و ڕایگەیاند: بە هەر هۆکارێکی گواستنەوە کە لەبەردەستاندایە، بەتایبەت گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان بەکاربهێنن تا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەتان.

پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش وڵاتی ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو بەپەلە ئێران بەجێبهێڵن. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین، لە ڕێگەی میدیاکانی وڵاتەکەیەوە داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو “بە رێگەی وشکانی یان هێڵە ئاسمانییە بەردەستەکان لە ئێران بچنە دەرەوە و خۆیان بگەیەننە وڵاتانی دراوسێ.”

پۆڵەنداش یەکێکی تر بوو لەو وڵاتانەی کە داوای لە هاووڵاتییانی کردبوو بە زووترین کات ئێران بەجێبهێڵن. دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، لە ئاگادارکردنەوەیەکی بەپەلەدا داوای لە تەواوی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کردبوو کە ئەوانەی نیشتەجێی ئێرانن، بە زووترین کات و دەستبەجێ ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن.

جێگای ئاماژە پێکردنە، هیندستان لە دوایین ئەو وڵاتەنەیە کە داوا هاووڵاتییانی دەکات، وڵاتی ئێران بەجێبهێڵن.