لە سلێمانی ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا

شەوی ڕابردوو لەنێوان ڕێگەی سلێمانی – دوکان ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستدا. دەربارەی ڕووداوەکە، دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند؛ ’تەنها ڕووداوێکی هاتووچۆی ئاسایی بووە و دوو کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بوون.’ لەبەرانبەردا حیزبی کۆمەڵ دەڵێت: ڕووداوێکی گوماناوی بوو، پێشمەرگەیەکمان گیانی لەدەستدا و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندارن.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 عەقید کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند: “ڕووداوەكەی ئەمشەوی نزیک بازگەی كەڵەوانان، ڕووداوێكی هاتووچۆی ئاسایی بووە. ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری ‘لاندگرۆزی دڕع’ بوو،  لەڕووداوەکە دوو سەرنشین لە ئۆتۆمبێلەکەدا هەبووە و کەسێکیان گیانی لەدەستداوە.”

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی – ئێران ڕایگەیاند: “لە رووداوێکی گوماناویدا ئۆتۆمبیلێکی کۆمەڵە لە نێوان ڕێگەی سلێمانی بۆ دوکان تەقیوەتەوە و بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ناوی ‘سەعید هێرش رەنجبەر’ گیانی بەختکردووە و ‘ئارام بەهرامی’ یەکێکی دیکە لە پێشمەرگەکانمان بریندارە و باری تەندروستیی جێگیرە.”

بە گوتەی موختار ئەحمەدی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستان بێت، لە کاتی ڕووداوەکەدا چوار کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، بەهۆیەوە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە گیانی لەدەستداوە و سێ پێشمەرگەکەی دیکەش برینداربوون. 

موختار ئەحمەدی ئاماژەی بەوەش کرد، ‘عومەری ئیلخانیزادە’ی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ خۆی لەنێو ئۆتۆمبێلە سووتاوەکە نەبووە، بەڵکو لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە دا بووە.

هاوکات بەکر عەبدولکەریم، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگروون ڕایگەیاند: “بەهۆی ئەو هێرشەوە دوو كەس گیانیان لەدەستداوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەکەین.”

بە گوتەی شایەتحاڵەکان، “دەنگێکی زۆر گەورە هاتووە لە کاتی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە.” وەک خۆیان باسی دەکەن کە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، ” ئاگرێک و بڵیسەیەکی زۆر لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبێلەکە بەرزبووەتەوە.”

ڕووداوەکەی دوێنێی سەر ڕێگای سلێمانی بۆ دوکان لە چەندین لاوە لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کرا، ئەوەی ڕوونە تا ئێستا ئۆتۆمبێلەکە تەقیوەتەوە و پێشمەرگەیەک گیانی لەدەستداوە.