پشت پەردەی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سالم جاسم

کەوتنی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە کۆتایی 2024 سووریای کردە مەیدانێک بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کاتێکدا کە جیهان سەرنجی لەسەر شەڕە ناوخۆیی و گرووپە چەکدارەکانە، یارییەکی قووڵتر لە پشت پەردەوە ڕوودەدات، یارییەک کە تێیدا هەڕەشەی سەربازیی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی قەتەر و سعوودیە، ئامانجە ستراتیژییەکانی تورکیا و پێداویستیی ئەورووپا بۆ وزە یەکدەگرنەوە.

ئەم وتارە تیشک دەخاتە سەر ئەو پەیوەندییە نهێنییانەی کە وەک تارێکی تەنراون بەسەر سووریادا، هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کردنەوەی ڕێگە بۆ پایپلاینی گازێک کە دەتوانێت نەخشەی وزەی ئەورووپا بگۆڕێت، وەبەرهێنانی داهاتووی قەتەر، سعوودیە و تورکیا بە ملیارەها دۆلار لە سووریای نوێ. لە نێوان ئەم یارییە گەورانەدا، چۆن کورد دەبێتە قوربانیی ستراتیژییەتێک کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تێدا لە مافی نەتەوەکان گرنگترن.

ئەمریکا و ئێران:
ئەگەرچی وا وێنا دەکرێت کە کۆکردنەوەی هێز لە نزیک سنووری ئێران و هێنانی کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ و لێدانە لە ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەڕەشانە هەندێک ئامانجی دیکەی ستراتیژییان لە پشتەوەیە کە بریتین:

یەکەم: سەرقاڵکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران. هەڕەشە بەردەوامەکان سوپای ئێران و دەزگا هەواڵگرییەکانی ناچار دەکات کە سەرنجیان لەسەر پاراستنی خاکی وڵاتەکەیان بێت، نەک دەستوەردان لە دۆخی ناوچەکەدا.
دووەم: دروستکردنی دەرفەت بۆ لاوازکردنی تۆڕی نوێنەرایەتیی ئێران. لە کاتێکدا کە سەرپەرشتیاریی ئێران لە حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان لە یەمەن کۆششێکی زۆریان پێویستە، ئەم سەرقاڵییە ناوخۆیییە دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ زیاتر لاوازکردنی ئەو گرووپەچەکدارانە و نەهێلانی هەژموونی ئێران بەسەریانەوە.
سێیەم: بەپێشخستنی پرسی پایپلاینی گاز. بەرزکردنەوەی فشار بەسەر ئێراندا کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرژەوەندییەکانی وزەی ئەورووپا هەیە. لە ماوەی ساڵانی شەڕی ئوکراینا، ئەورووپا بە جددی بە دوای شوێنگرەوە بۆ گازی ڕووسی دەگەڕێت. پایپلاینی قەتەر – تورکیا – ئەورووپا کە لە ساڵی 2009دا پێشنیارکرا و لەلایەن حکوومەتی ئەسەدەوە ڕەتکرایەوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێی کاراکردنەوەی هەیە.

پایپلاینی قەتەر – تورکیا:
پرۆژەی پایپلاینی گاز لە قەتەرەوە بۆ ئەورووپا لە ڕێگەی سعوودیە، ئوردن، سووریا و تورکیاوە یەکێک لە گرنگترین پرۆژە ستراتیژییەکانە کە بەرەو ژیانەوە دەچێت. ئەم پرۆژەیە کە بەهایەکی ئەندازیارکراوی ١٠ ملیار دۆلار و درێژی ١٥٠٠ کیلۆمەتری هەیە، دەتوانێت تەواوکەری یارییەکەی ناوچەکە بێت.

سوودەکانی ئەم پایپلاینە:

  • بۆ قەتەر: دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی گازی خۆی بۆ بازاڕی ئەورووپا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر و هەرزانتر لە LNG.
  • بۆ تورکیا: بەهێزکردنی پێگەکەی وەک ناوەندێکی گازی بۆ ئەورووپا و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ڕووسیا.
  • بۆ سعوودیە: وەبەرهێنانی گەورە لە بنیاتنانەوەی سووریا و بەدەستهێنانی هەژموونی سیاسی.
  • بۆ ئەورووپا: بەدیلێک بۆ گازی ڕووسی و زیادکردنی پاراستنی وزە.

هەژموون لە سووریا:
دۆخی سووریا ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونە لەوەی چۆن دابەشکردنی هەژموونی ناوچەیی دەتوانێت بە پرۆژە گەورەکانی ئابووری ببەسترێتەوە:
سعوودیە: بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەزموونی عێراق و یەمەن. سعوودیە خێرا چاوی بڕییە سووریای نوێ و ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژیی لەگەڵدا واژوو کرد کە بەشەکانی فڕۆکەوانی، تێلەکۆمیونیکەیشن، ژێرخان و ئاو دەگرێتەوە. بێگومان ئەوەش بۆ چەسپاندنی هەژموونی خۆیەتی لەو وڵاتەدا بۆئەوەی لەو یارییە جیۆپۆڵیتیکییەدا ڕۆڵی هەبێت.
قەتەر: دانەوەی قەرزەکانی سووریا و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی لەلایەن قەتەرەوە، ڕێگە خۆشکەرە بۆ سەرگرتنی پڕۆژەی پایپلاینەکە و هەژموونی وڵاتەکە لە داهاتووی سووریادا.
تورکیا: لە هەموویان پێشترە لە کاریگەری فیزیکی. تورکیا نەک تەنها پشتیوانی سیاسی و دیپلۆماسی دەکات، بەڵکو بە هاوکاری لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بە خۆی (SNA) پاڵپشتی لە حکوومەتی نوێی سووریا دەکات.
ئیسرائیل: ئەگەر چی سووریا وەک هەڕەشەیەک دەبینێت، بەڵام بەرژەوەندییەکی لە لاوازکردنی ئێران و هەڕەشەکانی هەیە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل دەیەوێت پێگەی خۆی لە پرۆژەی IMEC (India – Middle East – Europe Corridor) بپارێزێت، کە دەتوانێت بەدیلێک بێت بۆ ڕێڕەوەکانی تورکیا.

کورد و گۆڕانکارییەکان:
لەم یاریە جیۆپۆلیتیکییە گەورەیەدا، جارێکی دیکە کورد بووەتە قوربانی. ئەگەرچی ڕێککەوتن لەنێوان شەرع و کورد لە سووریا کراوە، بەڵام یارییەکە سووریایەکی ناوەندی دەخوازێت، لەم نێوەندەشدا هیچ گرەنتییەک بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و زامنکردنی مافی کورد نییە. بۆیە تاکو ئێستا کورد هیچ شوێنێکی لەو گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیک و هەژموونییەدا نییە. بۆ کورد ئەم دۆخە پێویستی بە ڕێکاری نوێ هەیە. لە ڕووی فراوانکردنی هاوپەیمانێتییەوە، تەنها پشتبەستن بە ئەمریکا بەس نییە. پێویستە پەرە بە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا بدرێت، بەتایبەتی فەڕەنسا و ئەڵمانیا، هەروەها پەیوەندی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی وەک میسر و ئیمارات، تەنانەت پەیوەندی لەگەڵ چین بۆ وەبەرهێنانی ژێرخان گرنگە، لەگەڵ ئەمەشدا لۆبیکردنی بەردەوام لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان گرنگە.

بۆچوون و شیکاری:
ئەم دۆخە گشتییە چەند ڕاستییەک لەخۆ دەگرێت:
یەکەم: هەڕەشەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران تەنها سەربازی نین، بەڵکو بەشێکن لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ نووسینەوەی نەخشەی هەژموون لە ناوچەکە. بە سەرقاڵکردنی ئێران لە پارێزگاریی ناوخۆیی، ڕێگە بە هێزی دیکە دەدرێت کە هەژموونی ئێران لە ناوچەکە کەم بکەنەوە.
دووەم: پرۆژەی پایپلاینی قەتەر – تورکیا – ئەورووپا نابێت تەنها وەک پرۆژەیەکی وزە سەیر بکرێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی جیۆپۆلیتیکی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەورووپا بە گازی ڕووسی و بەهێزکردنی پێگەی تورکیا وەک شاڕێگە.
سێیەم: وەبەرهێنانی گەورەی سعوودیە و قەتەر لە سووریادا نیشاندەری ئەوەیە کە وڵاتانی کەنداو وانەیان لە ئەزموونی خۆیان لە یەمەن و عێراق وەرگرتووە. ئێستا ڕێگایەکی پڕۆئاکتیڤ هەڵدەبژێرن بۆ بەدەستهێنانی هەژموون بەر لەوەی ڕکابەرانیان ئەم بۆشاییە پڕ بکەنەوە.
چوارەم: پشتکردن لە کورد نیشانەی ئەوەیە کە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لەسەرووی مافی گەل و پێکهاتەکانەوەن.
پێنجەم: هاوکاری تورکیا و سعوودیە لە سووریادا پەیامێکی گەورەیە بۆ ئێران. ئەم دوو وڵاتە، کە پێشتر نەیاربوون، ئێستا هاوپەیمانن لە دژی هەژموونی ئێران.

دەرەنجام:
ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات بەشێکە لە یاریی گەورەتری ڕێکخستنەوەی ناوچەیی. پایپلاینی قەتەر-تورکیا، وەبەرهێنانەکانی سعوودیە، هەڕەشەکانی ئەمریکا، هەموویان بەشێکن لە تابلۆیەکی گەورەتر: دابەشکردنەوەی هەژموون دوای کۆتاییهاتنی سەردەمی ئێران و ڕووسیا لە سووریا. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناغێکی نوێی دابەشکردنی هەژمووندایە. ئەوانەی زوو جوڵە دەکەن و بە باشی وەبەرهێنان دەکەن، ڕۆڵی گەورەیان لە داهاتوودا دەبێت. بۆ کورد، ئەم قۆناغە دەرفەتێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە ستراتیژیەتی خۆی. پشتبەستن بە یەک لایەن مەترسییە، فراوانکردنی هاوپەیمانێتی پێویستە. بێگومان هەموو ئەوانەش پێویستییان بە یەکڕیزی و کۆدەنگیی کورد دەبێت. بەم شێوەیە کورد دەتوانێت لەو هاوکێشە نوێیەدا جێگەیەکی بەهێز بەدەست بهێنێت.