چەکدارێک لە شارۆچکەیەکی کەنەدا دەستڕێژی گوللەی لە قوتابخانەیەک کرد، پاش کوشتنی 9 کەس کۆتایشی بە ژیانی خۆی هێنا.
ڕۆژی سێشەممە 10ی شوباتی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: لە ڕووداوێکی تەقەکردندا 9 کەس کوژران و 27 کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەکدارێک لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شارۆچکەیەکی ڕۆژئاوای وڵاتی کەنەدا دەسترێژی گوللەی لە قوتابخانەیەک کرد.
بە گوێرەی بڵاوکراوەی پۆلیسی کەنەدا، ڕووداوەکە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی بە ناوی ‘بریتش کۆڵۆمبیا’ لە شارۆچکەی (تەمبلەر ڕیج) ڕوویداوە. کوژراوەکان، تەرمی حەوت کەسیان لەنێو قوتابخانەکە دۆزراوەتەوە و دوو کەسی دیکەش لە نێو ماڵێکی نزیک ئەو قوتابخانەیە دۆزراونەتەوە.
پۆلیسی کەنەدا ئەوەشی ڕاگەیاند، لە ڕووداوەکەدا 27 کەس برینداربوون، کە برینی دوو کەسیان سەختە. هاوکات پۆلیس ئەوشی ئاشکرا کرد، تەقەکەرەکە بە مردوویی دۆزراوەتەوە و نیشانەی برین بە جەستەیەوە هەبووە، کە گومان دەکرێت خۆی خۆی کوشتبێت و قژە درێژ و قاوەیەکەی دەری دەخات کە چەکدارەکە ژن بووە.
تەمبلەر ڕیج شارۆچکەیەکی دوورەدەستە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 2400 هاووڵاتییە، دەکەوێتە دامێنی چیاکانی ڕۆکی لە باکووری هەرێمی بریتش کۆڵۆمبیا لە کەنەدا.