ئامێرێکی هەژماری من 100 ملیۆن دەبەخشێت

دوێنی لە هەڵەبجە، لەکاتی ڕاکێشانی پارە لەلایەن فەرمانبەرێکەوە، یەکێک لە ‘ATM’کانی پڕۆژەی هەژماری من بە نزیکەیی 100 ملیۆن دینار فڕێدەداتە دەرەوە.

ڕۆژی دووشەممە 9ی شوباتی 2026, مووچەخۆرێک لە کاتی پارە ڕاکێشان لە ئامێرێکی ATMی پارێزگەی هەڵەبجە، دوای ئەوەی کارتەکەی چالاک دەکات، لەناکاو ئامێرەکە بڕە پارەیەکی زۆر فڕێ دەداتە دەرەوە و بڕەکەی نزیکەی 100 ملیۆن دینار دەبێت.

داڵ میدیا زانیوویەتی، گرفتێکی تەکنیکی لە ئامێرەکە هەبووە و هەر بەو هۆیەوە ئەو بڕە پارە زۆرەی فڕێداوەتە سەر زەوی و جۆری پارەکانیش 50 هەزار دیناری بووە.

بەگوێرەی دیمەنەکانی ڤیدیۆیەکی ئەو ساتە کە دەست داڵ میدیا کەوتووە؛ ئەو هاووڵاتیانەی لەو شوێنە لە کاتی تێکچوونی ئامێرەکە، دەستبەجێ پارەکانیان کۆکردۆتەوە.