ئەمڕۆ کەشناسی هەرێم، کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بە بەردەوام بوونی شەپۆلی بارانبارین و بەفربارین دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی شوباتی 2026, کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بۆ ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم بە گشتی بەردەوام هەوری دەبێت، کاریگەری بارانبارین کەمێک لاوازتر دەبێت بەراورد بە دوێنێ. لە زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەر بە هەوری دەمێنێتەوە لەگەڵ بوونی تەم لە هەندێ کاتدا بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان, لەگەڵ بەفر بارینێکی کەم لەسەر لوتکەی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان .
سەبارەت بە سبەی دووشەممە، کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند: کاریگەری شەپۆلى بارانبارینەکە زیاد دەکات. کەشی ناوچەکەمان هەوری دەبێت و بارانبارین لە سەر تەواوی ناوچەکەمان دەبارێت. هاوکات ڕێژەی دابارین لە سنووری ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین و زاخۆ زیاتر دەبێت باران بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت.
دەربارەی پارێزگەی دهۆکیش کەشناسی دەڵێت: لە سەنتەری پارێزگای دهۆک ئەگەری باران بارینی بە لێزمەی هەیە و دەربارەی سەنتەری پارێزگەکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و هەڵەبجەش بارانی لەسەرخۆ و نمەبارانی پچڕ پچڕ دەبێت و لە هەندێ کاتدا ئەگەری هەورەبروسکە و بەفربارین هەیە لە ناوچە سنوورییە شاخاوییەکان.
کەشی سبەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەو شێوەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر : 13 پلەی سیلیزی
پیرمام: 10 پلەی سیلیزی
سۆران: 10 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 5 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 11 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 12 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 13 پلەی سیلیزی
دهۆک: 11 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 12 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 12 پلەی سیلیزی