لە ڕووداوێکی هاتووچۆدا 16 کەس گیانیان لەدەستدا

لە بەرازیل پاسێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە 16 کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی تریش بە سەختی برینداربوون.

ڕۆژی سێشەممە 3ی شوباتی 2026 کاربەدەستانی ناوچەکە ڕایانگەیاند: پاسێک لە کاتی گەڕانەوەی لە جەژنێکی ئایینی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەرازیل، بە نزیکەی 60 سەرنشینەوە وەرگەڕاو و بەهۆیەوە لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستدا و چواریان منداڵ بوون.

دەربارەی ڕووداوەکە حکومەتی هەرێمی ئالاگۆاس، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: حەوت ژن، پێنج پیاو و چوار منداڵ لە ڕووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و ڕووداوەکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و بە ڕووداوێکی ئاڵۆز وەسف دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی بەرازیلیش دەربارەی ڕووداوەکە دەڵێن: پاسەکە لە ئاهەنگەکانی خاتوونی (کاندێلاریا) دەگەڕایەوە کە جەژنێکی ئاینییە لە ویلایەتی سیارا و هەموو ساڵێک هەزاران کەس بەشداری دەکەن.

کۆلۆنێل ئاندرێ مادیرۆ، بەڕێوەبەری بەشی فڕۆکەوانی (ئالاگۆاس) کە بەشداری ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنەکەی کردوە دەڵێت: ڕووداوێکی نائاسایی بوو، بەشێک لە سەرنشینان لەکاتی ڕووداوەکە لەنێو پاسەکە دەرپەڕیبوون و بەشێکیشیان کەوتبوونە ژێر لاشەی پاسەکەوە.

بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراونەتەوە، پاسەکە بە سەختی تێکشکاوە، لەسەر تەنیشت کەوتووە و سەرنشینە بریندارەکان لە نزیکەوە دانیشتوون و چاوەڕوانی یارمەتی دەکەن.