بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەڕین، هاووڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە کە لەمەودا نرخی کارەبا بەبێ داشکاندن دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەرین ڕایگەیاند: هاوبەشانی کارەبا لە سەنتەری قەزای ڕانیە و گوندی” قوڕەگۆ” و شارەدێی “بۆسکێن” ئاگاداردەکەینەوە، کە لە مانگی (11)ەوە کەوتوونەتە نێو پرۆژەی ڕووناکی و بەم شێوەیەی خوارەوە داشکاندنیان بۆ کراوە لە نرخی کارەبا:
مانگی یەکەمی؛ داشکاندنی (50%)
مانگی دووەم؛ داشکاندنی (%25)
مانگی سێیەم؛ داشکاندنی (15%)
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ڕاپەرین، لە مانگی شوباتەوە نرخی کارەبا بەبێ داشکاندن دەبێت و لە نزیکترین کاتدا تەواوی قەزا و ناحیەکانی دەڤەری ڕاپەڕین دەکرێنە کارەبای 24 کاتژمێری.
ڕووناکی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و مەبەست لێی دابینکردنی کارەبای بەردەوامە بۆ هاووڵاتیان. بڕیار وایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کارەبای 24 کاتژمێری بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابینبکات.