تەرمی ئافرەتێک لە ڕووباری سیروان دۆزرایەوە

دوای ئەوەی دوێنێ ئافرەتێک لە سنووری قەزای دەربەندیخان دەکەوێتە نێو ڕووباری سیروان، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە و ڕۆژنامەنووسێک دەڵێت: “خۆی هەڵداوەتە نێو ئاوەکە.”

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026, ڕۆژنامەنوس، بڕیار جاف لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند: “ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ئۆتۆمبێلێک لە سلێمانییەوە بەڕێ دەکەوێت بۆ سنووری دەربەندیخان، لە نزیک ڕووباری سیروان ئافرەتێک لە ئۆتۆمبێلەکە دادەبەزێت و خۆی هەڵدەداتە نێو ڕووبارەکە.”

دوای چەندین کاتژمێر پاش ڕووداوەکە، پێشنیووەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ئافرەتەکە لەنێو ڕووباری سیروان دۆزرایەوە و بڕیار جاف دەڵێت: “ئافرەتەکە ناوی (ش. ب)ی تەمەن 42 ساڵە و خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانییە.”

داڵ میدیا زانیوویەتی؛ ئێوارەی دوێنێ داواکرابوو ئاوی ڕووباری سیروان بگیرێتەوە تاوەکو تیمەکانی فریاکەوتن بتوانن تەرمی ئەو ئافرەتە بدۆزنەوە.

هاوکات بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەک کە دەست داڵ میدیا کەوتووە، ساتی دەرهێنانی تەرمی ئافرەتەکەیە لە نزیک شەلالەکانی سەر ڕووباری سیروان، ئافرەتەکە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتن دۆزراوەتەوە و لە ڤیدیۆکەدا وا دەردەکەوێت کە ئاوی ڕووبارەکە گیراوەتەوە.