ژنێکی دووگیان لە کاتی کارکردن لە کارگەیەک گیانی لەدەستدا

لە کارگەیەکی قەزای شارەزوور، ژنێکی دووگیان لەکاتی کارکردن لە بەرزاییەک کەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی شوباتی 2026, ژنە کرێکارێکی تەمەن 30 ساڵ لە کارگەیەکی ئاو لە قەزای شارەزوور، لە ناکاو لە بەرزییەوە دەکەوێتە خوارەوە و خۆی و منداڵەکەی نێو سکی گیانیان لەدەستدا.

عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ڕایگەیاند: ژنەکە ناوی “کیژێ ڕزگار”ە و تەمەنی 30 ساڵە، دایکی منداڵێک بووە و دووگیانیش بووە.

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی گوتیشی: بەدواداچوونی ورد لە ڕووداوەکە دەکەین و ڕێکاری یاسایی لەگەڵ خاوەن کارگەکە دەگیرێتە بەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لە مەرجەکانی سەلامەتی لەو شوێنەدا.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئێستادا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە، بۆ ئەنجامدانی پشکنینی یاسایی و دڵنیابوون لە هۆکاری مردنەکەی.

لەدوای ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستییەکان، تەرمی ‘کیژێ ڕزگار’ رادەستی خانەوادەکەی دەکرێتەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە قەزای شارەزوور بە خاک بسپێردرێت.