کریستین کارۆخ
ئەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێ، زوڵمێکی ڕوون و ئاشکرایە، چونکە گرووپە چەکدارەکانی سووریای عەرەبی بە ئاشکراو بە بەرچاوی خودا و خەڵکەوە بڕیاری ئاوارە و دەربەدەرکردن و وێرانکردنی ماڵی کوردەکانیان داوە.
لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا، یەکێک لە ڕێگەکانی دوژمنانی کورد بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی کیانێکی کوردی، تێکشکاندنی کەسایەتی و سایکۆلۆژیای تاکی کورد بووە. ئەویش لە ڕێگەی سیاسەتی سەرکوتکردن و ژێردەستەیی و داپڵۆسین و چەوساندنەوە.
ئەم پڕۆسەیەش بە درێژایی مێژوو لە ڕێگەی جیاوازەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام و سیستەماتیک لەلایەن دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان پیادەکراوە.
ئامانج لەم پڕۆسەیەش دروست نەبوونی کیانێکی کوردی و تاکێکی کوردی «باوەڕبەخۆبووە».
بەڵام لێرەدا کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە هەمان پەیامی (سیاتێل)ی سەرۆک هۆزی هیندیە سوورەکانی هەیە، بە جۆرێک کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و ڕۆژئاوا بەتایبەتی وەک سیمبوڵی بەرخودان و نەچەمان دەمێننەوە.
پیرۆزی خاکی کوردستان بەهەمان ئاستی وەسفی سیاتڵی سەرۆک هۆزی هیندیە سورەکانە کە دەڵێت:
“ئەم خاکەو هەرچی تێدایە بۆ ئێمە پیرۆزە، گەڵای دەرزیلەیی کاژەکان،
لمی کەنار ڕووباران، مژی نێو دارستانەکان، دەنگ و ڕەنگی مار و مێروو،
هەموویان لە بڕوا و بیرەوەریی خەڵکی ئێمەدا پیرۆزن، ئەو شیلەیەی بە نێو دەماری دارەکاندا دەگەڕێت خولیا و خەونی ئێمەی تێدا مەییوە.
خاک لەناخی ئێمەدایە، ئێمەش بەشێکین لە خاک و خاکیش پارچەیەکە لە ئێمە.
گوڵان بە بۆن و بەرامیانەوە خوشکی ئێمەن،
کەڵەکێوی و ئەسپ و هەڵۆکان برامانن، ڕەوەزبەردی لووتکەکان، شەونمی مێرگ و مەزراو تینی لەشی ئەسپ و مرۆڤ، هەموویان لە خێزانێکن.
ئەو ئاوە زوڵاڵەی بە جۆبار و ڕووبارەکاندا دەڕوات تەنیا ئاو نییە،
خوێنی پشتاوپشتی ئێمەیە.”
ئەم نامەیە هەمان پەیامی «نەتەوەی کوردە» بۆ داگیرکەرانی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا.