لە سلێمانی دوو گەنجی لەدایکبووی 2004 و 2005 ئۆتۆمبێلێک دەدزن و پاشان تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن. ئێستا لەلایەن پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی کانوونی دووەمی 2026, پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: لە ڕێکەوتی 25-12-2025 لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، دوو کەسی نەناسراو هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکە دەدزن و دوای یەک ڕۆژ ئۆتۆمبێلەکە دەبەنەوە ماڵەکە و لە شوێنی خۆی ڕایدەگرن.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت: لە ڕێکەوتی 06-01-2026 ئەو دوو کەسە دووبارە هەڵدەستنەوە بە ئەنجامدانی هەمان کار و بە دەرفەتی دەزانن کە خاوەن ماڵەکە لە ماڵ نییە و لە دەرەوەی وڵاتە، بۆیە دووبارە ئۆتۆمبێلەکە دەدزنەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، دراوسێیەکی ئەو ماڵەی دزی لێکراوە لە ڕێکەوتی 16-01-2026 هەواڵ دەداتە بەشی نەهێشتنی تاوان لە پۆلیسی سلێمانی و لە ڕۆژی سێشەممە 27-01-2026 هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ب.س.ص)ی لەدایکبووی 2004 و (ی.ڕ.م)ی لەدایکبووی 2005 دەستگیردەکرێن.
دوای دانپێدانانی تۆمەتبارەکان، لەلایەن پۆلیسی سلێمانی دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکدا گیرا کە تووشی ڕووداوێکی هاتووچۆ بووبوو و لە گەڕەکێکی ناو شاری سلێمانی لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە بەجێ هێڵدرابوو.
لە ئێستادا هەردوو تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بە پێی مادەی (444 لە یاسای سزادان) ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە دۆسیەکە و پاش تەواوبوونی ڕێکارەکان ئۆتۆمبێلەکە ڕادەستی خاوەنەکەی دەکرێتەوە.