هۆشەنگ سلێمان
لە کاتێکدا دۆخێکی هەستیار و نەخوازراو بەرۆکی ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووە، هێرشی هێزە سەربازییەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر هێزە کوردییەکان گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا میدیای کوردی لەم دۆخە هەستیارەدا ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات یان بەردەوامە لە ململانێی ناوخۆیی و قۆستنەوەی پرسە نەتەوەییەکان بۆ خزمەتکردنی ئەجێندای حیزبی؟
بە شێوەیەکی گشتی لە پرسە نەتەوەییەکاندا، چاوەڕوان دەکرێت میدیا ڕۆڵی بەرەی یەکگرتووی نیشتمانی ببینێت دژی هێرش و هەڕەشە دەرەکییەکان. ئەم وتارە هەڵسەنگاندنێکی شیکاری بۆ ڕۆڵی میدیای کوردی دەکات لە کاتی قەیرانە نەتەوەییەکاندا، هاوکات جەخت لەسەر دوورکەوتنەوە لە ململانێی ناوخۆیی میدیاکان دەکاتەوە بەتایبەت لە کاتی هەڕەشەی دەرەکیدا، چونکە ئەمە تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو پێویستییەکی سەرەکییە بۆ مانەوەی نەتەوەیی.
بەداخەوە، بەشێک لە میدیای کوردی کە زۆربەیان لە چوارچێوەی کەسی و حیزبیدا کار دەکەن، لەم ساتە هەستیارەدا سەرقاڵن بە ململانێی ناخۆیی سیاسیی و تاوانبارکردنی یەکتری. ئەمەش دەرخەری نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی یەکگرتووە و بەدڵنیایەوە زیانێکی گەورە بە متمانەی گشتی و بەرگری نیشتمانی دەگەیێنێت.
جیاوازییەکە کاتێک زیاتر بەدیار دەکەوێت، کە سەیری مامەڵەی میدیای نایارانی کورد دەکەین. بۆ نموونە، لە ئێستا و چەند ڕۆژی ڕابردووشدا، میدیا عەرەبییە گەورەکانی وەکو (الجزیرە، الحدث و العربیە) بە شێوەیەکی یەکگرتوو و بە بڵاوکردنەوەی دەیان هەواڵی چەواشەکاری و نادروست سەنگەریان لە هێزە کوردییەکان گرتووە. ئەم میدیایانە، سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی هەیانە لەگەڵ یەکتری، بەڵام لە کاتی ململانێی نەتەوەییان بەرامبەر بە کورد، بە یەک دەنگ کار دەکەن و ئامانجیان لاوازکردنی بەرەی کوردییە. لە بەرامبەردا بەشێک لە میدیای کوردی، لە جیاتی وەڵامدانەوەی ئەو هەڵمەتە چەواشەکارییە دەرەکییانە و دەستخستنە ناو دەستی یەکدی بەرامبەر میدیای نەیار، هێشتا بیریان لای ململانێی سیاسی و ناوخۆییە.
ئەم جۆرە مامەڵەیەی میدیاش ڕاستەوخۆ پێچەوانەی بنەما یاسایی و ئەخلاقییەکانی کاری ڕۆژنامەنووسییە. لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (9)ی یاسای ڕۆژنامەگەریی کوردستان ژمارە (35)ی ساڵی 2007 بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات: “نابێت ڕۆژنامهئهو بابهتانه بڵاو بكاتهوه كه دهبنە هۆى لێكترازانى شیرازهى كۆمهڵگا.” ئەم یاسایەش بۆ هەموو جۆرەکانی میدیا کاری پێوە دەکرێت.
بەردەوامبوونی قۆستنەوەی پرسە نەتەوەییەکان بۆ ململانێی سیاسی و تاوانبارکردنی یەکتر لەلایەن بەشێک لە میدیاکان، دەبێتە هۆی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، وە ئەمەش ڕاستەوخۆ پێشێلکردنی ئەو بڕگە یاساییەیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێیدا و دەبێتە هۆی لاوازکردنی ئینتیما و پشتگیری نیشتمانی.
ئەم جۆرە ململانێیانە، کە لە میدیا ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو و بەردەوام بەدی دەکرێت، نەک تەنها لە کاتی پرس و قەیرانە نەتەوەییەکاندا گرفت دروست دەکەن، بەڵکو بۆتە یەکێک لەو بەربەستانەی کە ڕێگر بووە لەبەردەم بەرەوپێشچوونی میدیای کوردی و مانەوەی لە ئاستی لۆکاڵی، هەروەها ڕێگر لەبەردەم دروستبوونی میدیای نێودەوڵەتی. ئێستا و هەموو کاتێک بوونی میدیایەکی نێودەوڵەتی و کارکردنی سەرەکی بۆ گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە جیهان، پێویستییەکی سەرەکی ناو میدیای کوردییە.
لە زانستی ڕاگەیاندندا، لە کاتی قەیران و جەنگدا دەبێت میدیا لە ڕۆڵی گواستنەوەی ململانێی ناوخۆیی و حیزبی دوور بکەوێتەوە و بەرەو ڕۆڵی میدیای چارەسەری قەیران [Crisis Resolution Media] هەنگاو بنێت.
میدیا لەکاتی هەڕەشە دەرکییەکاندا، دەبێت پشت ببەستێت بە گواستنەوەی چیڕۆکی قوربانیان و خۆڕاگری خەڵکی سڤیل، نەک تەنها گرنگیدان بە لایەنی سیاسی و سەربازی، جێبەجێکردنی ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هاوسۆزی نەتەوەیی لە نێوان تاکەکاندا. هەروەها پێویستە میدیا بە هەموو شێوەیەک دووربکەوێتەوە لە پڕوپاگەندە و پشت ببەستێت بەو بڵاوکراوانەی زانیاری ورد و پشتڕاستکراوییان تێدا هەیە. لە لایەکی دیکەوە، میدیا پێویستە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دابنێت، و لەم کاتە هەستیارانەدا پشت بکات لە هەر بەرژەوەندییەک کە دەبێتە هۆی دووبەرەکی. ئەمەش ئەرکێکی ئەخلاقی و پیشەیی ڕۆژنامەنووسە.
لە کۆتایدا ئەوەی ڕوونە لای هەموومان، ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بووە، تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ میدیای کوردی. بۆیە پێویستە دەزگا میدیا کوردییەکان بە خێرایی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، شەڕی ناوخۆیی لەسەر شاشە و لاپەڕەکان ڕابگرن و دەست بخەنە ناو دەستی یەکدی تاوەکو بتوانن گوتارێکی میدیای بەهێز دروست بکەن.
دەبێ ئەوەش بزانین، لە کاتی جەنگ، قەیران و هەڕەشەکاندا یەکگرتووی میدیایی یەکسانە بە یەکگرتووی سەربازی. ئەمە نەک تەنها ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵکو پێوسیتییەکی سەرەکییە لەم دۆخەدا. با دڵنیابین لەوەی کە مێژوو ئەو میدیایانە تۆمار دەکات، کە بەرژەوەندی نەتەوەییان خستە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکە و بوونە سوپایەکی ڕاگەیاندن بەرامبەر بە دوژمن. هەروەها ئەو میدیایانەش تۆمار دەکات کە پێشێلی یاسا و بنەماکانی کاری ڕۆژنامەوانییان کرد و پرسە نەتەوەییەکانیان بەکارهێنا بۆ بەرژەوەندی و مەرامی تایبەتی.

