بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ڕایگەیاند: لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکەین لە سەنتەری شاری هەولێر بە نرخی پاڵپشتکراوی حکومەتە و نرخی 100 لیتری بە 31 هەزار دینارە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی کانوونی دووەمی 2026 “سالار موحەممەد” لێپرسراوی پشكنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، ڕایگەیاند: شەممەی هەفتەی داهاتوو بە شێوازی کارتی ئەلیکترۆنی لە سەنتەری شاری هەولێر دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت بەسەر هاووڵاتیان.
سالار موحەممەد گوتیشی: بۆ هەر 100 لیترێک نەوت بڕی 31 هەزار دینار لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت. کە سەرەتا لە بنکەی ژمارە (207) لە “بەنزینخانەی گەل” دەست پێ دەکات و بە کارتی ئەلیکترۆنیی دەبێت.
ئەو بەرپرسە ڕاشیگەیاند: “داواكارین لە هاووڵاتییان بە زووترین كات كارتی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی بریكارەكانەوە وەربگرن، بۆ ئەوەی لە كاتی خۆیدا بڕە نەوتی خۆیان وەربگرن كە 100 لیترە بۆ هەر ماڵێك.”
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک بەر لە هاتنی وەرزی زستان دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکات سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ دەکات و پاشان سەنتەری شارەکان.

