باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتیانی دەکات دەستەبەجێ ئێران بەجێبهێڵن و بەرەو ئەرمەنستان و تورکیا بڕۆن.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026 باڵیۆزخانەی مەجازی ئەمریکا لە تاران ڕایگەیاند: خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئێران پەرەدەسێنن، ڕەنگە توندوتیژی لێبکەوێتەوە و لە ئەنجامدا دەستگیرکردن و برینداربوون ڕووبدات.
بالیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران ئەوەشی ڕاگەیاند: “پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکی پلانێکی بەپەلە بۆ جێهێشتنی ئێران دابنێن بەبێ ئەوەی پێویستییان بە ئیدارەی واشنتۆن بێت و ڕوو لە ئەرمەنستان یان تورکیا بکەن.”
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوەکەیدا چەند ڕێنماییەکی خۆپارێزی بە هاووڵاتیانی دەدات:
ئێستا ئێران بەجێ بهێڵن و پلانێکیان هەبێت بۆ دەرچوون لە ئێران کە پشت بە یارمەتی حکومەتی ئەمریکا نەبەستێت.
ئەگەر ناتوانیت بڕۆیت، شوێنیکی پارێزراو لەناو شوێنی نیشتەجێبوونت یان بینایەکی پارێزراوی دیکە بدۆزەرەوە بە مەرجێک خۆراک، ئاو، دەرمان و پێداویستی گرنگی دیکەت هەبێت.
خۆت لە خۆپیشاندان بەدوور بگرە و ئاگاداری دەووروبەرتان بن.
چاودێری میدیای ناوخۆیی بکە بۆ هەواڵی بەپەلە، ئامادەبە بۆ ڕێکخستنی پلانەکانت.
مۆبایلەکەت بارگاوی بکە و پەیوەندی لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت بپارێزە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە دۆخەکەت.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی دووشەمەوە 12ی کانوونی دووەمی 2026 دەروازە وشکانییەکانی تورکیا لەگەل ئێران بە کراوەیی دەمێننەوە.
هاوکات ئەو هاووڵاتیانەی کە دەیانەوێت لە ڕێگەی وشکانی ئێران بەجێبهێڵن، بۆ ئەو دوو ڕەگەزنامەی ئەمریکی و ئێرانییەی کە بە نیازن بە پاسپۆرتی ئێرانی یان تورکی بچنە ناو تورکیاوە پێویستیان بە ڕەزامەندی پێشوەختە نییە، بەڵام بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکا کە بە نیازن بە پاسپۆرتی ئەمریکی خۆیان بچنە ناو تورکیا، پێویستە زانیارییەکانی وەکو [ناو، زانیاری پاسپۆرت، ژمارە و ڕێکەوتی دەرکردن/بەسەرچوون، پەڕینەوەی سنوور، وێنەیەکی پەڕەی زانیاری بایۆلۆجی پاسپۆرت] بنێرن بۆ یەکەی خزمەتگوزاری هاووڵاتیانی ئەمریکی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە.
Ankara-ACS@state.gov

