ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەرەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵاوکردۆتەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت، هەر یەک لە وڵاتانی، کەنەدا، مەکسیکۆ، کوبا، کۆڵۆمبیا، ئێران، نەیجیریا و سووریا لەگەڵ هەرێمی گریلاند لە ژێر هەرەشەی ترەمپ دان.
ڕۆژی چوارشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2025 ماڵپەڕی ئەمریکی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند؛ دۆناڵد ترەمپ بە هەرەشەی هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتان، جیهانی خستۆتە ئامادەباشییەوە و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەشیدا هەرەشەی لە گریلاند، کەنەدا و سووریا کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوژینەکەی لە ماڵەکەی خۆیاندا لەلایەن هێزێکی تایبەتی ئەمریکا دەستگیرکران و دوای ئەم ڕووداوەش ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد؛ چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتینی داهاتوویەکی هاوشێوەی ڤەنزوێلایان هەیە.
سیپی ئانا کێڵی، گوتەبێژی کۆشکی سپی دەربارەی ئەم پرسە بە ئەکسیۆسی ڕاگەیاند؛ حەزی سەرۆک ترەمپ هەمیشە دیبلۆماسییە، سەرۆک ترەمپ بژاردەی جۆراوجۆری لەبەردەست دایە و ئامانجی ئەوەیە جیهان سەلامەتتر بکات.
ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتەکەیدا یەک بە یەک باس لە هەرەشەکانی ترەمپ دەکات بۆ سەر وڵات و ناوچەکاندا:
بەگوێرەی ئەکسیۆس ترەمپ دوای ڕووداوەکەی ڤەنزوێلا، چاوێکی زۆری لەسەر گریلاند هەیە و هەر دوای ڕووداوەکە بە “ڕۆژنامەی ئەتلانتیک”ی ڕاگەیاند؛ “زۆر پێویستمان بە گریلاند هەیە و ئێمە پێویستمان پێیەتی بۆ بەرگری.” ئەکسیۆس ئەوەش دووپات دەکاتەوە کە ئیدارەی ترەمپ بۆ مەبەستی بەرگری ستراتیژی خۆی چاوی لەسەر ناوچە خۆبەڕێوەبەرکانە.
ئەمەش ناتۆی خستۆتە ئامادەباشییەوە، چونکە “گریلاند” هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری سەر بە دانیمارکە و دانیمارکیش یەکێکە لە ئەندامانی ناتۆ.
ڕۆژێک پێش دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا، دۆناڵد ترەمپ هەرەشەیەکی ئاشکرای لە وڵاتی ئێران کرد و گوتی، “ئەمریکا ئامادەیە بۆ دەستێوەردان لە ئێران، بەهۆی کوشتنی خۆپیشاندەران.”
هاوکات ئەکسیۆس ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە سیناتۆری ئەمریکی “لیندسی گراهام” هۆشداری داوە بە “ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی”ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، گەر سەرکوتکاریی و کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران بەردەوام بێت دۆناڵد ترەمپ فەرمانی کوشتنی دەردەکات.
چەند مانگێک پێش ئێستا سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە کەنەدا دەبێت ببێتە 51مین ویلایەتی ئەمریکا، وە سەرۆکوەزیرانی کەنەداش ئەوەی ڕەتکردۆتەوە کە کەنەدا هیچ بەرژەوەندییەکی لەگەڵ ئەمریکادا نییە تا بچێتە پاڵی و ببێتە بەشێک لە خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
ئەکسیۆس لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە وڵاتی سووریا کردووە کە لەژێر هەرەشەی ئەمریکادا هەیە و ئەو هێرشە ئاسمانییانەش بە نموونە دەهێنێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 لەلایەن ئەمریکاوە کرایە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا، دوای ئەوەی دوو سەربازی ئەمریکی کوژران.
ماڵپەڕی ئەکسیۆس باس لە هەر یەک لە وڵاتانی نەجیریا، کۆڵۆمبیا، کوبا و پاناماش دەکات، کە لالەیەن ئەمریکا و بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ چاویان لەسەرە و لەژێر هەرەشە دان دوای ڕووداوەکەی ڤەنزوێلا.

