ئەمریکا ڕێز لە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دەگرێت

لە ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکات و لە نێویشیاندا ناوی پێشمەرگە وەکو هێزێکی بەرگریکار لە سەروەری عێراق دەهێنێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراقە و بەم بۆنەیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ “بە بۆنەی یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراق، سەری ڕێز بۆ خزمەت و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دادەنوێنین، لە ناویاندا هێزی پێشمەرگە، لە بەرگریکردن و پاراستنی عێراق.”

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دان بە ڕۆڵی بەرچاوی ئەو هێزانە دەنێت لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنی مەیدانی بەسەر داعشدا و بۆ پشتیوانی عێراقێکی سەقامگیر.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند؛ “ڕێز لە خزمەت و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگرین، لە ناویشیاندا پێشمەرگە، لە بەرگریکردن لە عێراق و پاراستنی سەروەریی.”

ئەمڕۆ 103 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت. هێزە چەکدارەکانی کۆماری عێراقی فیدراڵ، بەسەر پێنج لقی سەرەکیدا دابەش دەبن کە بریتین لە: هێزی زەمینی، هێزی ئاسمانی، هێزی دەریایی، فڕۆکەی سوپا، بەرگری ئاسمانی، لەگەڵ چەندین یەکەی دیکە. 

شایەنی باسە لەم ڕاگەیاندراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هێزی پێشمەرگە وەکو هێزێکی عێراقی هەژمار کراوە.