ڕۆژنامەی گاردیان ئاشکرای دەکات؛ بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووتری سووریا، ئێستا خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و بڕیارە نۆڕینگەی پزیشکی دابنێت. لەلایەن پوتینیش پەراوێزخراوە.
لە ڕێکەوتی 2025-12-15 ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ بەشار ئەسەد دوای 14 ساڵ، کوشتنی 620 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە 14 ملیۆن هاووڵاتی سووریا، دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر پیشەی ڕاستەقینەی خۆی کە پزیشکی چاوە.
ڕۆژنامەی گاردیان ئاشکرای دەکات، بە گوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانی ئەسەد، ئێستا بەشار ئەسەد خەریکە زمانی رووسی فێردەبێت و دەست بە ڕاهێنانی پزیشکیی چاو دەکات بۆ کارکردن وەک پزیشکی چاو لە مۆسکۆ.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە زاری سەرچاوەکەیەوە باس لەوەش دەکات، بەشار پێویستی بە پارە نییە و ئەو کارە حەزێکی تایبەتی خۆیەتی، تەنانەت پێش دەستپێکی شەڕی سووریا، لە دیمەشق گرنگی بەو بوارە دەدا.
سەرچاوەکەی گاردیان ئاماژە بەوەش دەکات، توێژە دەوڵەمەندەکانی مۆسکۆ دەتوانن سەردانی پزیشکە نوێیەکە بکەن و ببن بە نەخۆشی بەشار ئەسەد.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەربارەی ژیانی سەرۆکە هەڵاتووەکەی سووریا زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت؛ ئەگەری زۆرە خێزانی بەشار ئەسەد لە “ڕوبلیۆڤکا” نیشتەجێبن، کە کۆمەڵگەیەکی داخراوی تایبەتمەندی مۆسکۆیە. وە بەپێی دوو سەرچاوە دیکەی ئاگادار لە ژیانی خێزانەکەی، لەوێ شان بەشانی کەسانی وەک “ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ”، سەرۆکی پێشووی ئۆکراینا دەژین، کە ئەویش لە ساڵی 2014 لە کیێڤ ڕایکردووە.
گاردیان ئاماژەش بەوە دەکات، ڤلادیمێر پوتین زۆر حەزی بە چارەی سەرۆکە هەڵاتووەکان نییە و ئێستا بەشار ئەسەد بایەخ و گرنگی جارانی نەماوە. سەرچاوەیەکی تایبەتیش لە کۆشکی کریملن بە گاردیانی ڕاگەیاندووە، “بەشار ئەسەد ئیتر وەک کەسێکی کاریگەر یان تەنانەت میوانێکی سەرنجڕاکێش بۆ بانگهێشتکردنی نانخواردن نابینرێت.”
ئەمە لە کاتێکدایە ساڵێک زیاتر تێ دەپەڕێت بەسەر کۆتایی هاتنی ڕژێمی بەعس لە سووریا و هەڵاتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو کاتی سووریا.

