سەفا ئەنوەر
گەر سەردانی هەر ماڵێک بکەین کە منداڵی تێدابێت، گۆڕانێکی سەرنجڕاکێش دەبینین: جاران جێگای منداڵەکان لە نزیک پەنجەرەکانەوە بوو، چاویان لە جیهانی دەرەوە بوو و خەیاڵیان بە ماڵە دراوسێکان و کۆڵانەکان دەگەڕا، بەڵام ئەمڕۆ ئەو جێگایە گۆڕاوە بۆ لای سویچ پلاکەکان، ئەو شوێنەی کە مۆبایل و تابلێتەکانیان لەوێ بارگاوی دەکەن. ئەم گۆڕانە تەنها دەربارەی شوێنی فیزیکی نییە، بەڵکو نیشانەی گۆڕانێکی قووڵە لە شێوازی ژیان و بەخێوکردنی منداڵان.
سەردەم بە خێرایی گۆڕاوە و ئەرکی دایک و باوکانیش لە پەروەردەکردنی منداڵدا زۆر قوڕستر بووە. پێشتر پەروەردەکردنی منداڵ پەروەردەیەکی سادە بوو، ئەم هەموو ئامێر و ئامرازانەی ئێستا لە بەردەست نەبوون و قەناعەت پێکردنیان زۆر ئاسان بوو. کۆمەڵگە لە کەلتوورێکی تازەوە دەژیا و سەردەم سەردەمی دیجیتاڵی نەبوو. بەڵام ئێستا دایک و باوکان لە دووڕیانێکی سەختی بڕیاردان دان، لە نێوان ئەوەی منداڵەکانیان لەسەر شێوازێکی دوور لە دونیای دیجیتاڵی گەورە بکەن تا دەگاتە تەمەنی دیاریکراو، یاخود هەر لە تەمەنێکی زوودا کەرەستەکانی دیجیتاڵیان بۆ بەردەست بکەن و دواتریش ئاڵوودەی بەکارهێنانیان بن.
ڕاستی ئەمڕۆی کۆمەڵگە ڕووبەڕووی چەندین حاڵەتی سەیر دەبینەوە. لە زۆربەی ماڵەکاندا منداڵان تا بیانەوێت خواردنێک بخۆن دەبێت لە بەردەم شاشەی ئایپادێک یاخود مۆبایلێک بن. یاخود ئارامگرتنیان نییە لە دەنگی گریانی منداڵەکە و ڕاستەوخۆ شاشەیەکی لە پێش دادەنێن تا هێمن بێتەوە. بە هیچ شێوازێک تەندروست نییە کە منداڵانی خوار تەمەنی دوو ساڵی هیچ جۆرە شاشەیەک بەکار بهێنن، چونکە کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر مێشک و چاوەکان و بیرکردنەوەی ئەو منداڵانە دروست دەکات. زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبینەوە کە منداڵان داوای هەندێک شت لە دایک و باوکانیان دەکەن کە ئەوان نازانن چیین ئەو شتانە، چونکە ئەم منداڵە لەو شاشانە بینیویەتی و فێری بووە. ئەمە تەنها دەستپێکی کێشەکانە، چونکە زۆر منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی زۆری شاشەکانەوە کێشەی لە خەو، تەرکیزکردن و گەشەکردنی کۆمەڵایەتیدا دروست دەبێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، قەدەغەکردنی تەواوی منداڵ لە دیجیتاڵ زیانەکانی خۆی هەیە. نموونەیەک هەیە کە بەڕێزێک باسی دەکات و دەڵێت، کوڕەکەی تەمەنی چوار ساڵان بوو و ئایپادی بۆ نەدەکڕی، دەیگوت خراپە. ڕۆژێک خێزانی لەگەڵ برادەرەکانی ڕۆیشتبووە دەرەوە و هەموویان منداڵەکانی خۆیانیان بردبوو. کاتێک گەڕایەوە وێنەیەکی پیشانی پیاوەکەی دا، وێنەیەک کە تێیدا ١٥ بۆ ٢٠ منداڵ لە دوای ماندوو بوون لە یاری، بە ڕیزەوە دانیشتبوون و هەموویان ئایپادیان پێ بوو. منداڵەکەی ئەویش لە پشتەوە وەستابوو و تەنها سەیری دەکردن. ئەو باوکە دەڵێت؛ لەو ساتەدا تێگەیشت نەبوونی ئایپاد زیاتر زیانی پێگەیاندووە لە هەبوونی. ئەم منداڵە لە دەروونییەوە کێشەی بۆ دروست بووە، هەستی جیاوازی و دەربڕینی کردووە، هەرچەندە لە زیانە هزری و مەعنەوییەکانی شاشەکان پارێزراوە بێت.
کەواتە ئێمە لەم سەردەمەدا کە سەردەمێکی دیجیتاڵیە ناتوانین منداڵەکانمان بە تەواوی دوور بخەینەوە لەم فەزا دیجیتاڵییە، بەڵام ناشتوانین ڕادەستی ئەم فەزا دیجیتاڵییەیان بکەین. پێویستە لەگەڵ پێشکەوتنەکان بڕۆین، بەڵام ناکرێت خۆمان بە تەواوی بدەینە دەستی پێشکەوتنەکان بەبێ بوونی هۆشیاری تەواو. بە پێی داتایەکی پلاتفۆڕمی ستاتیستا کە ماڵپەڕێکی جیهانی باوەڕپێکراوی داتای ئۆنلاینە، لە دە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی خاوەنداریەتی مۆبایل لە لایەن منداڵانی هەشت بۆ شازدە ساڵییەوە لە ٢٥%-٣٠% بەرزبووەتەوە بۆ ٦٥%-٧٠%. جگە لەوەی دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لە ئێستادا لە ٩٠% بۆ ٩٥% گەیشتووە. ئەمە واتە نزیکەی هەموو منداڵان دەتوانن دەستیان بگات بە ئینتەرنێت. ئێمە لەم سەردەمە ناتوانین ڕێگربین لە بەردەم بەکارهێنان، چونکە ئەگەر ڕێگریش بین ڕەنگە وا بکات منداڵەکەت دواکەوێت لە فێربوونی هەندێک شتی پێویست. هەروەها ئەگەر منداڵ بە هەموو شێوەیەک لە دیجیتاڵ دوور بێت، لەوانەیە بە تەواوی لە پێشکەوتن و داهێنانە جیهانییەکان دوور بکەوێتەوە، چونکە دونیای ئەمڕۆ بە تەواوی بەرەو دیجیتاڵبوونێکی تەواو دەچێت.
بۆیە پێویستە شێوازێکی تەندروست بۆ بەکارهێنانی دیجیتاڵ لە لایەن منداڵەوە دابنێین، بەڵام چۆن؟
بۆ تەمەنی سەروو دوو ساڵی تا پێنج ساڵی، بەکارهێنان پێویستە، بەڵام دەبێت بە پێی سیستەم و میکانیزمێکی دیاریکراوەوە بێت. بە جۆرێک ڕۆژانە لە کاتژمێرێک زیاتر نەبێت، بە تایبەتی ئەو شاشانەی کە نزیکن لە چاو. وە پێویستە ناوەڕۆکەکان ڤیدیۆی پەروەردەیی و بەسوودبن و دوور لە توندوتیژی. هەرچی لە تەمەنی شەش ساڵی تا نۆ ساڵی بێت، دەکرێت بەکارهێنان ڕۆژانە لە کاتژمێرێک زیاتر بێت، بەڵام بە شێوازێک کە کاریگەریان لەسە خەوتن و ئەرکی ڕۆژانە و ئەو یاریانەی لە دەرەوە دەیکات نەبێت. هەرچی تەمەنی دە ساڵی تا دوازدە ساڵی تەمەنێکی گەورەترە و بەندە بە کاتەکانی خوێندن و پێویستیەکانی خوێندنی، بەڵام گرنگە بەکارهێنانی ئامێرەکان کاتژمێرێک یان زیاتر پێش خەوتن نەبێت. لەم تەمەنەدا بەکارهێنانی ئینتەرنێتی خێزانی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، واتە دایک و باوک دەبێت هاوکاری منداڵ بکەن لە هەڵبژاردنی ناوەڕۆکی گونجاو و دروست لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆیە هەڵبژاردنی دروست بۆ ئەم تەمەنە ئینتەرنێتی خێزانییە.
کۆنترۆڵکردنی ئەم بابەتە لەم سەردەمە سەختە، چونکە دونیا بەرەو دیجیتاڵبوونێکی تەواو دەچێت و ئەویش خەریکە بە تەواوی کاریگەری بەسەر هەموو شێوازی ژیان بڵاودەبێتەوە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە دەبێت خۆمان تەسلیم بکەین یاخود بە تەواوی ڕێگربین. پاراستنی هاوسەنگی هەمیشە باشترینە. بۆیە پێویستە هۆشیاری زیاتر پەیدا بکەین لەم بابەتانەدا بۆ پەروەردەیەکی ڕاست و دروست و بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان لە لایەن منداڵەکانەوە. منداڵانی ئەمڕۆ هاووڵاتییانی دواڕۆژن و چۆنیەتی ئامادەکردنیان بۆ ئەو دواڕۆژە لە ئێستادا دەست پێ دەکات، نە بە دوورخستنەوەیان لە تەکنەلۆژیا، نە بە ڕادەستکردنیان بە تەواوی، بەڵکو بە فێرکردنیان بۆ بەکارهێنانێکی ژیرانە و تەندروست کە سوودیان لێ وەردەگرن بەبێ ئەوەی زیانیان پێبگات.

