لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکی کورد، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت؛ ئاگاداری سەر هێرشەکەی کۆرمۆرم و بۆ پێدانی سیستەمی دژە مووشەکیش سەیری دەکەینەوە.
ڕۆژی سێشەممە 2ی کانوونی یەکەمی 2025 لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ، دیار کوردە رۆژنامەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتۆن، وەک تاکە ڕۆژنامەنووسی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
دیار کوردە لە یەکێک لە کۆبوونەوەکان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای پرسی: هەفتەی ڕابردوو گرووپە میلیشیاکانی عێراق هێرشیان کردە سەر یەکێک لە گەورەترین کێڵگەکانی گاز لە هەرێمی کوردستان کە تەنانەت کۆمپانیاکانی ئەمریکاش وەربەهێنانیان تێداکردووە. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد کە سیستمی دژە مووشەکیان بۆ دابین بکات. ئایا ئامادەن هاوکارییان بکەن؟
دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی دیار کوردە دەڵێت: سەیری دەکەم، گوێم لێبووە [لە هێرشەکە]، ئەوەی راستی بێت، خەریکە ئێستا شتی زیاترم گوێ لێدەبێ. لە خاڵە لەپێشینەکانم نەبوو، پێموایە پرسیارێکی زۆر نائاساییە، بەڵام پێموایە تۆ خەڵکی ئەوێی و بۆ تۆش ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بۆمنیش هەروا، چونکە خەڵک کوژراون.
هەروەها لە درێژەی وەڵامەکەیدا باسی دەوڵەتی عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق، موحەممەد شیاع سوودانی دەکات و دەڵێت؛ بەلای ئێمەوە عێراق، ئێستا زۆر جیاوازترە لەچاو پێشتر، ئەوەش دوای ئەوەی توانای ئەتۆمیی ئێرانمان لەنێوبرد.

