داڵ میدیا – تایبەت
لە 14ی تشرینی دووەمی 2024دا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی هێنان بە ئەندامێتیی موحەممەد حەلبوسی وەک سەرۆک و ئەندامی پەرلەمان دەرکرد، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە “لەیس دلێمی” پەرلەمانتاری عێراق سکاڵای لەسەر حەلبوسی تۆمارکردبوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی ساختەکاری و گۆڕینی ڕێکەوت.
بۆچی لەیس دلێمی سکاڵای لە حەلبوسی کرد؟
لە 15ی کانونی دووەمی 2025دا، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق موحەممەد حەلبوسی بڕیاری دەرکردنی پەرلەمانتار لەیس دلیمی لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی نوێنەران دەرکرد. دوای ئەوە لەیس دلێمی سکالای لەسەر محەمەد حەڵبووسی تۆمارکرد لەسەر ئەوەی کە حەڵبووسی کاغەزێکی دەستلەکارکێشانەوەی ساختە بەکارهێناوە کە بەرواری لەسەر دانرابوو، ئەم کاغەزە لە خولی چوارەمدا واژۆ کرابوو، بەڵام لە خولی پێنجەمدا حەڵبووسی دەستکاریی بەروارەکەی کردووە و کردوویەتی بە داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەی لەیس دلێمی.
حەلبوسی چۆن توانی خۆی بەربژێر بکات بۆ پەرلەمان؟
ئەگەر لەڕووی یاساوە هەر تاکێک تاوانێکی لەسەربێت ناتوانێت بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی بکات و بەرپرسیاریەتی وەربگرێت لە عێراق، بەوپێیەش حەلبوسی نەیدەتوانی خۆی بەربژێر بکات بۆ پەرلەمان. بەڵام لە 27ی نیسانی 2025دا، حیزبی تەقەدوم ڕایگەیاند کە دادگا موحەممەد حەلبوسیی لە هەموو ئەو تاوانانە پاککردەوە کە ناوبراو پێیان تاوانبارکرابوو و پەڕاوی لێکۆڵینەوەکەی داخستووە، ئەم بڕیارانەش لە دادگای جیاکردنەوەی فیدراڵی پەسەند کراون و بوونەتە بڕیاری کۆتایی، بۆیە لە ئەنجامدا حەلبوسی توانی خۆی بەربژێربکات بۆ پەرلەمانی عێراق.
حەلبوسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025:
موحەممەد حەلبوسی ڕابەرایەتیی حیزبی تەقەدوومی دەکرد و توانییان 36 کورسی بەدەستبهێنن. ئەو ئەنجامەش دەرفەتی ڕکابەراتیی بەدەستهێنانی پۆستی بۆ حیزبەکەی حەلبوسی زیادتر کردووە. دەنگۆی زۆر هەن کەوا موحەممەد حەلبوسی چاوی بڕیوەتە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و دەیەوێت خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات.
حەلبوسی دەبێتە سەرۆککۆمار؟
لەڕووی یاسایییەوە بەوپێیەی لە 27ی نیسانی 2025دا دادگا بێتاوانیی موحەمەد حەلبوسی ڕاگەیاند و ناوبراو توانی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکات، ئێستا بەپێی یاسا ناوبراو دەتوانێت خۆی بەربژێر بکات و ببێتە سەرۆککۆماری عێراق. بەڵام لە ڕووە سیاسییەکەیەوە بەربەستێک لەبەردەم حەلبوسی هەیە، ئەویش دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی عێراقە بەپێی سیستەمی محاسەسە (سەرۆککۆمار بۆ کورد – سەرۆکوەزیران بۆ شیعە – سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننە). کورد ئەستەمە دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆمار بێت و لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، موحەممەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەدا کە هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار گۆڕانکاریی بەسەردابێت، ئەمانەش نیشانە گەلێکن کەوا حەلبوسی خەونی بوون بە سەرۆککۆماری عێراق لەدەستبدات.