45 عومڕەکار لە نێو پاسێکدا سووتان و گیانیان لەدەستدا

پاسێکی عومڕەکاران وڵاتی هیندستان لە ڕێگای شاری مەککە بۆ مەدینە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ گڕی گرت و دەرئەنجام 45 کەس گیانیان لەدەستدا و یەک کەسی دیکەش برینداربوو.

ئەمڕۆ دووشەممە 2025-11-17 ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، پاسێکی عومڕەکاران کە لە مەککەوە گەشتیان دەکرد بۆ مەدینە، خۆی بە بارهەڵگرێکی سووتەمەنیدا کێشا و گڕی گرت. لە ئەنجامدا 45 عومرەکاری هیندی لە کۆ 46 سەرنشین سووتان و گیانیان لەدەستدا.

لە ڕووداوەکەدا تەنها یەک عومڕەکار بە زیندوویەتی ماوەتەوە و ئەویش بە سەختی بریندارە و لە ژێر چاودێری چڕدایە.

بی بی سی ئەوەشی ڕاگەیاند: زۆربەی قوربانییەکانی ئەو ڕووداوە خەڵکی حەیدەرابادن لە وڵاتی هیندستان. قوربانییەکان لە 9ی ئەم مانگە بۆ مەبەستی ئەنجامدانی عومڕە ڕوویان لە وڵاتی سعودیە کردووە و ژمارەی زیارەتکارانی ئەم گەشتە 54 کەس بووە. 

ماڵپەڕەکە باسی لەوەش کردووە، لە کۆی 54 زیارەتکارەکە، چوار لە عومرەکاران لە مەککە ماونەتەوە و چواری دیکەشیان بە ئۆتۆمبێل گەشتیان بەرەو مەدینە کردووە. 46 کەسی دیکەش بە پاس گەشتیان کردووە و تووشی ئەم ڕووداوە بوون.