سەفا ئەنوەر
جیهان بە گشتی و تایبەتتر ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەردەم گۆڕانکاریی سیاسی، سەربازی، ئابووری و جوگرافیدان. بێگومان هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم گۆڕانکاریانەدا، لە کاتێکدا هاوکێشەی وڵاتانێک گۆڕدراوە لە ناوچەکەدا بەهۆی جەمسەرە جیاجیاکانی جیهانی سیاسەت و سەرمایەداری، بۆیە دەکرێت ئەگەری گۆڕانکاریی هاوشێوە بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا ڕووبدەن. هەر بۆیە مەبەستمە شرۆڤەی دوایین پێشهاتە سیاسی، سەربازی، ئابووریی و جوگرافیی ناوچەکە و دوایین پەرەسەندنەکانیان لە سەر هەرێمی کوردستان بکەم، کە ئاخۆ کوردستان دەکەوێتە کام چەقی ئەم پێشهاتە نوێیانە.
لەم چەند ساڵەی دواییدا هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختی ئابووری و سیاسیدا تێپەریوە، لە پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکانەوە تا لەگەڵ بەغدا و نەبوونی مووچە و شایستەدارییەکانی هەرێم و ڕاگرتنی نەوتی هەرێم، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مەترسیی گواستنەوەی شەڕی ناوچەکە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. ئەم بارودۆخە گەیشتە ئاستێک کە خودی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لەسەر ئاستی باڵا لێی ڕازی نەبوون. هەموو ئەو خاڵانەی کە باسمکردن هۆکارگەلێک بوون کە دڵەراوکێ لەسەر داهاتووی هەرێم لەلایەن هاووڵاتیانەوە دروست بکەن.
بەم دوایە کۆمەڵێک پێشهاتی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم ڕوویانداوە، کە دەتوانین بە شیکردنەوەی ئەم پێشهاتانە داهاتووی هەرێمی کوردستان لە نێو گۆرانکاریەکانی ناوچەکەدا دیاری بکەین.
لە کاتی کردنەوەی رێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: زیاتر لە کاتژمێرێک لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەتەوە و “بارزانی لە دۆخی هەرێمی کوردستان ڕازی نییە”. بۆیە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان دەستپێشخەرییەک ڕادەگەینێت. ئەوە بوو دوای گەڕانەوەی بارزانی بۆ هەرێمی کوردستان، پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە و وێڕای لێک تێگەیشتنی زۆر، لێک نزیک بوونەوەی زۆریش لەو دوو حیزبەدا هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر کۆی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
دوای ئەو لێک نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی و هاوکات لێک تێگەیشتن لەگەڵ بەغدا، سەرەنجام ڕێککەوتن لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر کرا. لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا توانی ئابڵۆقەی گەشتی ئاسمانیی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە هەڵبگیرێت. وێڕای ئەوەی ناوبراو بە ئەرکی خۆی وەک سەرۆکی هەرێم هەڵساوە و ئەم کارەی کردووە بەڵام ئەمەش فاکتەرێکە بۆ بەهێز بوونی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی لە وێزگەکانی داهاتووی سیاسەت و بەڕێوەبردندا.
ئەمانە پرسگەلێک و پێشهاتی نوێی ئەرێنین بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، کە وێڕای ئەوەی هەموو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی لەسەر ئایندەی هەرێم نەهێشتووە، هاوکات دەتوانین بڵێین؛ پێشهاتی دڵخۆشکەر و جێگای ئومێدن کە هەرێمی کوردستان داهاتوویەکی ڕۆشنی هەیە و کاروانی پێشکەوتن و سەقامگیریی هەرێم ناوەستێت و وەک وەشانێکی سەرکەوتووی حکومڕانی بۆ عێراق و ناوچەکە بەرچاو دەگرێت.