سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرخۆشی خۆی ئاڕاستەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دەکات بە مەبەستی کۆچی دوایی هاوژینیان.
ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ “ بەوپەڕی خەم و پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوسەری بەڕێزی مەرجەعی باڵای ئایینی، ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی سیستانی-مان پێگەیشت.”
شەوی ڕابردوو 2025-09-28 هاوژینی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق کۆچی دوایکرد و ئەمڕۆ لە شاری نەجەف بەخاک سپێردرا.
سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەیدا هاوخەمی خۆی بۆ عەلی سیستانی و کەسوکاری دەردەبڕێت و دەڵێت؛ “لە خوای گەورە داواکارین خوالێخۆشبوو بە بەرفراوانترین ڕەحمەت و لێخۆشبوونی خۆی شاد بکات و جێگەی بەهەشت بێت و سەبووری و ئارامی بە دڵى هەموو کەسوکار و ئازیزانی ببەخشێت.”
پرسەی هاوژینی عەلی سیستانی ئەمڕۆ و سبەی، دووشەممە و سێشەممە لە مزگەوتى خەزرا لە شاری نەجەف بەڕێوەدەچێت.