ڕیفراندۆم، شانازییەکی گەورە

ڕەوشت موحەممەد

ڕیفراندۆم ڕێگایەکی دیموکراسییە کە نەتەوەیەکی دیاریکراو لە دەوڵەتێک لەسەر پرسێکی چارەنوسساز دەنگ دەدات، جا چ پرسێکی گشتی بێت یان نەتەوەیی. سەرکردایەتیی سیاسیی کورد (هەرێمی کوردستان) بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 7ـی حوزەیرانی 2017 بڕیاریدرا بە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لە ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.

بارزانی لە گۆشەیەکی نووسراوەکە دەڵێت: ئەو ڕۆژە کۆبوونەوەیەکی مێژوویی و گرنگ بوو و وە دەسکەوتێکی بەهادارە بۆ گەلی کوردستان و قوربانیدانی شەهیدان.شانازییەکی گەورەیشە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون بڕیاری مێژووییان دا بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بتوانێت لە ڕێگەی ڕیفراندۆم دەنگ و ویستی خۆی بە جیهانیان بگەینێت.

لەپاڵ خەباتى دوور و درێژى گەلی کورد لەپێناو شکۆمەندى و سەربەخۆیی کوردستان، ڕیفراندۆم تەواوکەری ڕێگای ئازادیی کوردستانییان بوو. ئێمە بە ڕێفراندۆم بە جیهانمان گوت، نە لە مێژووى دوور و درێژى خوێناویمان لەپێناوى سەربەخۆیى دادەبڕێین، نە ئەوەندەش عاشقى شەڕین کە پێمانوابێت تەنیا دەبێ بە شەڕ بەدواى ئامانجەکانمان بکەوین. پێمان گوتن ئەگەر لە میژووشدا پەنامان بۆ شەڕ بردووە، بەسەرماندا سەپێنراوە، کە دواجار لە نێوان ملکەچکردنى ئیرادە لە لایەک و شەڕ لە لایەکى ترەوە، بە بێ دوودڵی شەڕمان هەڵبژاردووە.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان یەکەمین دەرچە بوو کە لەو ڕێگەیەوە کورد بە ئاشکرا لە تەواوی ئاستەکان بڵێ نا بۆ پێکەوەژیانی بەزۆر و بەڵێ بۆ سەربەخۆیی! ڕیفراندۆم وەرچەرخانێکی مێژووییە کە ئاراستەی ڕێگە ڕاستەکەی نیشانی هەر تاکێکی کوردستانی دا؛ هەرچەندە لەمەش گرنگتر، ڕیفراندۆم ئەو دەسەڵاتەی بە خەڵکدا کە دەبوایە لە کاتی دروست کردنی عێراق لە لایەن بەریتانیا و فەڕەنساوە بدرایە.

ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، وەک مافی چارەی خۆنووسین، نەتەوەیەک لە پرسێکی چارەنووسساز یەکلایی دەکاتەوە. پەسەندترین خەسڵەتی ڕیفراندۆم بریتییە لە ڕاستەوخۆیی بڕیاری خەڵک لەسەر خواست و ویستەکانیان؛ ڕیفراندۆم وەک چەمکێک لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان بە هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ لەقەڵەم دەدرێت، کە دەنگدەر لە پرسێکی نیشتمانیی بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆی دەدات.

ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانە بکەین کە دیموکراسییەت تیایاندا بەرجەستە کراوە، ڕیفراندۆم نەک تەنها بۆ سەربەخۆیی وڵات دەکرێ، بەڵکوو لە بەشێک لە وڵاتە سۆشیاڵ دیموکراتەکانی ئەورووپا بە مەبەستی گۆڕینی ناوی شەقام و یاریگا و هێڵەکانی گواستنەوەش بەکاردێت چونکە چەمکەکە هەڵبژاردنێکی گشتییە بۆ پرسێک یان بابەتێکی دیاریکراو، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی غیابی بەشێک لە بنەما دیموکراسییەکان لە سیستەمی سیاسیی وڵاتان کەمتر نەرمی نواندن پەیڕەو دەکرێت.

جیاواز لە هەموو ڕووداوێکی هاوچەرخ لە هەرێمی کوردستان، لە ژێر سەرکردایەتییەکی یەکگرتوو زۆرینە کۆک بوون کە دەبێت کورد بە دەستی خۆی برینەکانی خۆی تیمار بکات، ئەگەرچی تیماریش کرا، چونکە بەشداری بەرفراوان لە ڕیفراندۆم و ئەو ڕێژە بەرزە 92.7%ی دەنگدەران دەکرێت بڵێین شۆکێک بوو بۆ هەموو ئەوانەی دژی ئەو پرسە بوون، هەر ئەوەش بوو وایکرد کەوا کەناڵی سی ئێن ئێن (CNN)ی ئەمریکی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بە بەرهەڵستی کورد بۆ هەموو جیهان لەقەڵەمدا و بە بوێریەکی بێوێنەی ناوبرد!