بەگوێرەی بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم؛ 700 هەزار هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆی پڕنەکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکتڕۆنی خۆراک، بەشەخۆراکی مانگانەیان بڕاوە.
نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم، ڕۆژی یەکشەممە 21ی ئەیلولی 2025 ڕایگەیاند؛ ڕێكارەكانی دابەشكردنی بەشەخۆراكی شەشەمی ئەمساڵ دەستی پێ كردووە و زیاتر لە 700 هەزار هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕنەكردنەوەی پسووڵەی ئەلیكترۆنیی خۆراك، بەشە ئارد و خۆراكی نوێیان پێ نادرێت.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم دەربارەی بەشە خۆراکی نوێ ئەوەشی ڕاگەیاند؛ بەشە خۆراكی شەشەم پێكهاتووە لە سێ كیلۆ برنج، كیلۆیەك شەكر، لیترێك زەیت، 400 گرام دۆشاوی تەماتە و كیلۆیەك لە پاقلەمەنییەكان.
دەربارەی بڕی ئارد بۆ هەر هاووڵاتییەک، نەوزاد کامیل دەڵێت، بڕی نۆ كیلۆ ئارد دەدرێتە هەر هاووڵاتییەك و ئاردەكەش دوای تاقیكردنەوە دابەش دەكرێت.
لەلایەکی دیکەوە نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاشکرای دەکات، “هەندێك لە زەیت و دۆشاو كەمە، بەڵام ڕۆژانە شەكر و برنج و پاقلەمەنییەكان بۆ كۆگاكانمان دێت، زەیت و دۆشاوەكەش بۆمان دێت و دەست بە دابەشكردنی دەكرێت”.
نەوزاد کامیل ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دابەشكردنی بەشە ئاردی هەشتەمی ئەمساڵی هاووڵاتییانیش دەرچووە و دەست بە دابەشكردنی كراوە.