لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 500 کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ برینداربوون و نزیکەی 487 ڕووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکەدا ڕوویانداوە.
بابەک هودائی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە 21ی ئەیلولی 2025 ڕایگەیاند؛ لە هەفتەی ڕابردوو 13 تاوەکو 19ی ئەیلولی 2025 نزیکەی 487 ڕووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکە ڕوویداوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 500 کەس برینداربوون.
پارێزگاری سنە دەربارەی زۆری هۆکاری ڕووداوی هاتووچۆ لە سنە، ڕایگەیاند؛ هۆکارە دیارەکان بریتین لە، خێرایی زۆر، پشتگوێخستنی یاساکانی هاتووچۆ، ماندوێتیی شۆفێر و خەواڵوویی و نەبەستنی پشتێنەی سەلامەتی یان کڵاو بۆ ماتۆڕسوارەکان.
بابەک هودائی ئەوەشی ڕاگەیاند، ژمارەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ بەراورد بە ساڵی پار %11 زیادی کردووە. دادپزیشکی ئێرانیش جەخت لەو ئامارە دەکاتەوە و دەڵێت؛ لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، لانیکەم 20 هەزار و 45 کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.