ڕووماڵکردنی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران قەدەغەکرا

فەرمانگای میدیا و زانیاری ڕایگەیاند؛ بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لیکۆڵینەوە یاساییەکان و لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە ڕووماڵی تاوان قەدەغە دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی ئەیلولی 2025 فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ “بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاڕاستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاوبكەنەوە و ڕووماڵی بکەن.”

فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە و داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بڕیاری قەدەغەکردنی ڕووماڵی میدیایی بۆ ئەو بابەتە، “لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.”

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەشێک لە میدیا و دیجیتاڵ میدیاکان بەبێ سانسۆر و گرنگیدان بە لایەنی دەروونی تاک و بابەتە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگا ڕووماڵی میدیایی ڕووداوەکانی تاوان و کوشتن و تاوانباران دەکرا.