قایمقامی کەرکوک ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی لەسەر شۆستە قەدەغەکرد و هەر کەس سەرپێچی بکات لە پێبژاردن تاوەکو دەستگیکردن سزا دەدرێت.
لە کەرکوک بڕیارێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی شۆستەکان دەرکراوە، رۆژی 16ـی ئەم مانگەوە داوا لە دانیشتووانی شارەکە کراوە پابەندی رێنماییەکان بن و شۆستەکان بەکارنەهێنن، چونکە بەشێک نین لە موڵکی تایبەت.
لە بڕیارەکەی قایمقام سێ جۆر سزای بۆ سەرپێچیکاران دیاریکردووە هەرکەسێک ئۆتۆمبێل لەسەر شۆستە رابگرێ، بە بڕی 25 هەزار دینار سزا دەدرێ، ئەگەر خاوەن ئۆتۆمبێل سەرپێچییەکەی دووبارە کردەوە، پێبژاردنەکە دەبێتە 100 هەزار دینار و لە ئەگەری بەردەوامبوون لەسەر سەرپێچی، سەرپێچیکار بۆ ماوەیەک دەستبەسەر دەکرێ کە لە 15 رۆژ زیاتر نەبێ، یان سزای دارایی دیکەی بەسەردا دەسەپێنرێ.
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە بەڕێوەبەری شارەوانی و ئەفسەرانی هاتووچۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ئەو سزایەیان پێدراوە.
شارەوانیی کەرکووک ڕایگەیاند؛ بڕیارەکە لەلایەن قایمقامییەتەوە دەرچووە، بەڵام بە هاوئاهەنگیی شارەوانی و هاتووچۆی کەرکووک جێبەجێ دەکرێ و پارەی پێبژاردنەکانیش لە رێگەی پسووڵەیەکەوە لەلایەن شارەوانیی کەرکووکەوە وەردەگیرێ.