سێ کچە کوردی ڕۆژئاوا کوردستان لە دوو ڕووداوی جیادا بێسەروشوێن بوون و گومان هەیە لەلایەن چەکدارانی حکومەتی سووریای نوێ ڕفێندرابن. کەسوکار و چالاکڤانانی ڕۆژئاوا بەدوای سۆراخێکەوەن.
پارێزەر و چالاکڤانێکی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی ئیبراهیم شێخۆ ڕایگەیاند؛ “ رۆژی شەممە 13ـی ئەیلوولی 2025، لە بازگەیەکی سەر بە حکومەتی سووریا، لەسەر ڕێگای حەلەب- دێر حافیر، لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب، هێزەکانی ئاسایشی گشتی کچێکی کوردیان بە ناوی (هەیفا عادل تاهر) کە تەمەنی 25 ساڵە، دەستگیر کرد.”
لەلایەکی دیکەوە لە هەمان ڕۆژدا بەگوتەی ئیبراهیم شێخۆ، کچێکی دیکە بە ناوی فاتیمە و خەڵکی کۆبانێیە، لەگەڵ هاوڕێکەی بە ناوی [نۆرمان جەلال سەرحان]، خەڵکی دێرک لە جەزیرەی رۆژئاوای کوردستانە و لە ئەڵمانیا بە سەردان چۆتەوە ڕۆژئاوا، لە کاتی سەردانیکردنیان بۆ حەلەب، لە ڕێگا لە ناوچەی دێر حافیر ونبوون.
تا ئێستا چارەنووسی ئەم سێ کچە کوردە [ هەیفا، فاتیمە و نۆرمان] نادیارە و کەسوکارەکانیان داوا دەکەن یارمەتیان بدەن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان.
هەروەها چالاکڤانانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو سێ کچە کوردە دەکەن و حکومەتی سووریا بە بەرپرسیار دەزانن لە ڕفاندن و بێسەروشوێنکردنیان.