دوو پۆلیس بەهۆی وەرگرتنی کارتۆنێک شەربەت سزادران 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردۆتەوە، دوو پۆلیسیان سزاداوە بەهۆی ئەوەی “کارتۆنێک شەربەت”یان لە دوو گەنج وەرگرتووە وەکو بەرتیل.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلولی 2025 ڕایگەیاند؛ “ دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێ یەکێک لە مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ [کارتۆنێک شەربەت] وەک بەرتیل لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگرێ، لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەو کەیسە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکرد و تۆمەتباران دەستگیرکران.”

ئەو گرتە ڤیدیۆیەی دوو پۆلیسەکەی لەسەر سزادراوە بەو جۆرە بووە؛ بارهەڵگرێک کە دوو گەنجی لە نێوە، لەلایەن پۆلیسەکان ڕادەگیرێت و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەیان لێ وەردەگرن، بەڵام دوو گەنجەکە، کارتۆنێک شەربەت دەدەن بە پۆلیسەکان بۆ وەرگرتنەوەی ساڵیانەکەیان و ئەوانیش قبوڵی دەکەن.

بەم هۆکارە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی یاسایی، دادگای یەکەمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەم سزایانەی خوارەوەی بەسەر پۆلیسەکاندا سەپاند؛ 

سزادانی ڕێپێدراو [فوئاد عەلی حوسێن عەلی] بە زیندانیکردن بۆ دوو ساڵ و سزای دارایی بە بڕی یەک ملیۆن و سەد هەزار دینار، بەپێی بڕگەکانی یاسای سزادان، بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل [کارتۆنێک شەربەت] لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە رۆژی 13-9-2025؛ هەروەها بڕیاردرا بە دەرکردنی لە خزمەت وەک سزایەکی لاوەکی.

سزادانی ڕێپێدراو [قەیسەر جومعە کازم حەسەن] بە زیندانیکردنی ئاسایی بۆ [شەش مانگ] بەپێی یاسای سزادان، بەهۆی چاوپۆشیکردنی لە ئەنجامدانی تاوانێک کە دەیتوانی ڕێگری لێبکات و ئاگادارنەکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێش بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ڕێگە نادەین هەندێک مامەڵەی تاکەکەسی لەسەر کارمەندانمان و ئەو خزمەتانەی لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا پێشکێشی دەکەن، هەژمار بکرێ. دڵنیاییش دەدات، “بە تووندی ڕووبەڕووی هەر کەسێک دەبێتەوە کە هەوڵی لەکەدارکردنی ناوبانگی بدات.”