سالح هەرکی
پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسێکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، کە لەگەڵ جوگرافیا و مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا، تێکەڵ بووە.
لە کاتێکدا پارچەکانی دیکەی کوردستان، هەر یەک بە شێوازێک، لە قۆناغی جۆراوجۆری دانوستان و گۆڕانکاریدان، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک پرسێکی بێدەنگ و تا ڕادەیەک فەرامۆش کراو دەردەکەوێت. ئەمەش ئەرکێکی نوێ و گرنگ دەخاتە ئەستۆی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کە بەهۆی ئەزموون و پێگەی سیاسییەوە، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لەم بوارەدا ببینێت.
باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستان)، وەک کیانێکی دەستووری و فیدراڵی لە عێراقدا، خاوەن ئەزموونێکی تایبەتە لە حکومڕانی و دیپلۆماسیەتدا. پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، سەرەڕای کێشە و ئاڵنگارییەکان، لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسی بەردەوام دایە. ئەم پێگە تایبەتە، هەرێمی کوردستانی کردووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی کورد و نوێنەرایەتیکردنی پرسی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
لە باکووری کوردستان، پرسی کورد لە تورکیا قۆناغی هەستیاری تێپەڕاندووە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی گفتوگۆ و دانوستان لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەبووە. هەرچەندە ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی وەستان و پاشەکشە بوونەتەوە و گرژیی سەربازی بەداخەوە تا ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بیرۆکەی چارەسەری سیاسی هێشتا لە ئارادایە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا دەرفەتی نوێ بێتە کایەوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان، دووای گۆڕانکارییەکانی سووریا، کورد توانیویەتی ئیدارەیەکی خۆبەڕێوەبەر دابمەزرێنێت. ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی سەربازی و ئابووری، بووەتە واقیعێکی سیاسی لە ناوچەکەدا و پرسی کوردی لە سووریا، خستووەتە قۆناغێکی نوێوە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان: بێدەنگییەکی پڕ لە پرسیار
بە پێچەوانەی پارچەکانیتر، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخێکی جیاواز دایە. فشارە سیاسی و ئابوورییەکان لە ئێران، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک داناوە و بواری بۆ کاری سیاسیی ئاشکرا و مەدەنی، بەرتەسک کردووەتەوە. نەبوونی دیالۆگێکی ڕوون لەنێوان هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران، وایکردووە، ئەم بەشەی کوردستان، لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکەدا کەمتر دەربکەوێت.
لێرەدایە کە ئەرکی مێژوویی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، گرنگییەکی تایبەت پەیدا دەکات. بەڕێزیان بە حوکمی چەندین ساڵ ئەزموونی سیاسی و دیپلۆماسی، وەک سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێگەیەکی بەهێزی هەیە. پەیوەندییە فراوانەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، وەک فەرەنسا، وایکردووە وەک کەسایەتییەکی کاریگەر و جێی متمانە بناسرێت.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت ئەم پێگە و ئەزموونە بەکاربهێنێت بۆ:
یەکەم: کۆکردنەوەی ماڵی کورد: هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەش.
دووەم: کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ: بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بۆ هاندانی دیالۆگێکی ئارام و بنیاتنەر لەنێوان نوێنەرانی کورد و دەسەڵاتی ئێران.
سێیەم: گەیاندنی پەیامی ئاشتی: جەختکردنەوە لەسەر چارەسەری ئاشتیانە و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی، وەکچۆن هەمیشە لە وتارەکانیدا ئاماژەی پێداوە کە کێشەی کورد لە هەر وڵاتێکدا، دەبێت بەپێی تایبەتمەندیی ئەو وڵاتە و لە ڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکرێت.
هیوادارم، لەم دۆخە ناسکەدا، جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قۆڵی لێ هەڵماڵێت و وەکو هەمیشە، هیوایەکیتری ئاشتبوونەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بخولقێنێت.